دۆستایەتییەی نێوان ئێمە و فەڕەنسا زۆر لە ئەجێندای ڕقاوی ئەوانەی تاوانەکەیان ئەنجامداوە، بەهێزترە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوێنێ شەو زنجیرە تویتێکی بە زمانی ئینگلیزی دەربارەی هێرشەکەی پاریس بڵاو کردەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ژماری تایبه‌ت به‌خۆی له‌ تویته‌ر  په‌یامێكی سه‌باره‌ت به‌هێرشه‌كه‌ی پاریس و گیان له‌ده‌ستدانی سێ هاووڵاتی كورد بڵاو كرده‌وه‌.

ده‌قی په‌یامی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:

زۆر نیگەرانم لەو هێرشە قێزەونەی کرایە سەر ڕەوەندی کورد لە پاریس. هاوخەمم لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکان. داوا لە ڕەوەندی کورد دەکەم کە دان بەخۆیاندا بگرن و بە هیچ شێوەیەک بیانوو بۆ توندوتیژی نەهێننەوە.

باوەڕمان بە هاوبەشە فەرەنسییەکانمان هەیە کە هەموو هەوڵێک دەخەنەگەڕ بۆ پاراستنی ڕەوەندی کورد لە سەرانسەری وڵات و دادگایی کردنی ئەنجامدەرانی هێرشەکە.

گەلی فەرەنسا چەندین جار پشتیوانی ئێمەی کردووە. ئێمە زۆر شتی هاوبەشمان هەیە؛ ئێمە بەیەکەوە ڕووبەڕووی تیرۆر دەبینەوە و میوانداری ئەو کەسانە دەکەین کە بەهۆی توندوتیژی و شەڕەوە ئاوارە بوون. ئەو پەیوەندی و دۆستایەتییەی لە نێوانماندا هەیە،  زۆر لە ئەجێندای ڕقاوی ئەوانەی تاوانەکەیان ئەنجامداوە، بەهێزترە.

ئێواره‌ی ڕۆژی هەینی کەسێک لە شاری پاریس تەقەی لە ناوەندێکی کولتووری کوردی کرد و بەهۆیەوە 3  هاووڵاتی كورد گیانیان له‌ده‌ستدا و 4 كه‌سی دیكه‌ش له‌رووداوه‌كه‌دا بریندا ربوون.