ئەمریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش بوودجەیەک بۆ هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی سووریای دیموکرات پەسەند دەکات
بەشی جیهان- ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بودجەی تایبەت بە ئاژانسە فیدڕاڵییەکان پشکی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان و هێزەکانی سووریای دیموکرات لە کوردستانی سووریا پەسەند دەکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا پڕۆژە یاسایەک بۆ پڕکردنەوەی خەرجییەکانی فیدراڵی پەسند دەکات، کە رێگە بە ئیدارەی بایدن دەدات 1.7 ترلیۆن دۆلار بۆ ئاژانسە فیدراڵییەکان خەرج بکات و پشکی پێشمەرگە و هێزەکانی کوردییەکانی کوردستانی سووریاشی تێدا دیاریکراوە.

پڕۆژە یاساکە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دەنگی لەسەر داوە، کە پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجەی فیدڕاڵییە و بڕیارە دوای پەسند کردنی لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا و واژۆ کردنی لەلایەن جۆ بایدن، سەرۆکی ئەو وڵاتەوە، بچێتە بواری جێبەجێ‌ کردنەوە.

پشکی پێشمەرگە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی سووریای دیموکرات بەیەکەوە بە 475 ملیۆن دۆلار دیاریکراوە، کە لە هەوڵەکانی رووبەڕووبوونەوەی داعشدا خەرج دەکرێن. جگە لەوەش، بەگوێرەی پڕۆژە یاساکە، هاوکاری راهێنان، کەلوپەل و پاڵپشتی لۆجستی بەو هێزانە دەدرێت.