بافڵ تاڵه‌بانى داواى یه‌كگرتنه‌وه‌ له ‌گۆڕان ده‌كات
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- له‌دوا كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌م مانگه‌ى جڤاتی نیشتمانی ‌و جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، عومه‌رى سه‌ید عه‌لى پێیڕاگه‌یاندوون، بافڵ تاڵەبانی داوای لێكردم بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ یەكێتی یەكبگرێتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژی 24ی ئەم مانگە، جڤاتی نیشتمانی‌و جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دوا كۆبونەوەی ئه‌مساڵیان ئەنجامدا، به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتێكى ماڵپه‌ڕى دره‌و، عومەرى سەید عەلی ڕێكخەری دەستلەكاركێشاوەی بزوتنەوەی گۆڕان پێیڕاگه‌یاندون، "بافڵ تاڵەبانی داوای لێكردوم بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ یەكێتی یەكبگرێتەوەو پێشى وتم، چیتان دەوێت بۆتان دەكەم".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، بڕیاربوو بەر لەكۆتاییهاتنى ئەمساڵ، گۆڕان كۆنفرانسی نیشتمانی خۆی سازبدات، بەڵام وه‌كو ده‌وترێت بەهۆی ناكۆكی نێوان سەركردەكانی بزوتنەوەكە لەلایەك‌و هەوڵێكی ئەمدواییەی (د.بورهان یاسین) بۆ ئاشتەوایی لەنێوان (ڕازی‌و ناڕازییەكان)ی بزوتنەوەكەدا لەلایەكی ترەوە، كۆنفرانسەكە نەكرا.

سه‌باره‌ت به‌چاره‌نوسى گۆڕان له‌هه‌رێمى كوردستان‌و عێراقیش، شوان قلیاسانی سەرۆكی لیژنەی ئامادەكاری كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان به‌ماڵپه‌ڕى دره‌وى وتووه‌، "بەبۆچونی من گۆڕان لەبەردەم سێ بژاردەدایە، یەكگرتن لەگەڵ یەكێتی یان ڕێكخستنەوەی ناو ماڵی گۆڕان ‌و ڕێككەوتن لەگەڵ ناڕازییەكان كە گوڕێك بەبزوتنەوەكە دەدات، یاخود بەردەوامیدان بەدۆخی ئێستا كە زیاتر بزووتنەوەكە بەرەو پووكانەوە دەبات".

بەر له‌ته‌قینه‌وه‌ى كێشه‌كانى نێوان لاهور شێخ‌و بافڵ تاڵه‌بانى له‌8ى ته‌مموز، گۆڕان‌و یه‌كێتى ڕێككەوتنێكیان ئیمزا كرد بۆ ئەوەی پێكەوە بەلیستێك بەشداریی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بكەن، له‌ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌شدا گۆڕان گورزێكی گەورەی بەركەوت ‌و هیچ كورسییەكی پەرلەمانی عێراقی نەبردەوە.

25ی تەمموزی 2009 بزوتنەوەی گۆڕان لەژێر دروشمی دژایەتیكردنی "گەندەڵی" بەشداری یەكەم هەڵبژاردنی كرد كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بوو، لەم هەڵبژاردنەدا 25 كورسی بردەوە‌و بەسەر یەكێتیدا سەركەوت‌ و لەدوای پارتی بوو بەدوەم هێز لەسەر ئاستی هەرێم.