له‌ ساڵى نوێدا 4 وه‌زیرى حکوومه‌تى هه‌رێم ده‌گۆڕدرێن
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دواى پشووه‌کانى سه‌رى ساڵى نوێ، 4 وه‌زیرى حکوومه‌تى هه‌رێم ده‌گۆڕدرێن‌ و وه‌زیره‌کانیش دوانیان به‌رکه‌وته‌ى یه‌کێتى ‌و دوانه‌که‌ى تر به‌رکه‌وته‌ى پارتین.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سه‌رچاوه‌یه‌کى باڵاى پارتى دیموکراتى کوردستان به ‌میدیا عێراقیه‌کانى وتووه‌، پارتى دیموکراتى کوردستان دوو وه‌زیر ده‌گۆڕێت ئه‌وانیش وه‌زیرى سامانه‌ سروشتیه‌کان ‌و وه‌زیرى ئه‌وقاف ‌و کاروبارى ئایینیه‌، دواى سه‌رى ساڵ گۆڕانکاریه‌کان ئه‌نجام ده‌درێن.

سه‌رچاوه‌که‌ى پارتى ئه‌وه‌شی خستۆته‌ ڕوو، کاندیدى پارتى بۆ شوێنى وه‌زیرى ئه‌وقاف که‌ پشتیوان سادقه‌، ئه‌حمه‌د کانى به‌رپرسى لقى دووه‌، به‌ڵام هیچ زانیاریه‌کى له‌باره‌ى کاندیدى حزبه‌که‌ى بۆ پۆستى وه‌زیرى سامانه‌ سروشتیه‌کان ئاشکرا نه‌کردوه‌.

به‌ر له‌چه‌ند ڕۆژێکیش یه‌کێتى دوو کاندیدى بۆ دوو وه‌زاره‌تى به‌رکه‌وته‌ى خۆى ئاشکرا کرد ئه‌وانیش ڕێباز بێرکۆتى بۆ وه‌زیرى پێشمه‌رگه ‌و ئه‌حمه‌د عه‌سکه‌رى بۆ وه‌زیرى هه‌رێم بۆکاروبارى به‌غدایه‌.

هه‌ریه‌ک له ‌پارتى ‌و یه‌کێتیش ڕێکه‌وتوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى، هیچ کێشه‌یه‌ک بۆ گۆڕانکارییه‌کانیان له ‌کابینه‌ى حکوومه‌تى هه‌رێم‌ و په‌رله‌مانى کوردستان دروست نه‌که‌ن ‌و ده‌نگ به‌کاندیدى یه‌کتر بده‌ن‌ و یه‌کێتیش نیسابى یاسایی په‌رله‌مان تێک نه‌دات.