ساڵانە 5 بۆ 6 هەزار پێشمەرگە خانەنیشین دەبن كه‌چى بوودجه‌ى پێشمه‌رگه‌ هه‌ر زیاد ده‌كات
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئه‌ندامێكى په‌رله‌مانى كوردستان دەڵێت: هاوپەیمانان چاویان لەسەر کەمکردنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و ڕێکخستنیانە، به‌ڵام سه‌ربارى ئه‌وه‌ى ساڵانە 5 بۆ 6 هەزار پێشمەرگە خانەنیشین دەبن، كه‌چى بودجه‌ى پێشمه‌رگه‌ هه‌ر زیاد ده‌كات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕزگار محەمەد بڕیاردەری لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان ئاشكرای كرد یەکێتی ‌و پارتی دەچن هێزی تر لە جێگەکانیان‌ و لە دەرەوەی وەزارەت دادەمەزرێنن، ئەمەش وایکردوە بوودجەی پێشمەرگە 50 ملیار دینار زیاد بکات، هاوپەیمانانیش زۆر نیگەرانن لەمە.

هێزەکانی هاوپەیمانان هۆشدارییانداوەتە حکوومەت ‌و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم، بەوەی چیتر مامەڵەیان لەگەڵ ناکەن‌ و هاوکارییەکانیان بۆ هێزی پێشمەرگە ڕادەگرن، گەر هێزەکانی پێشمەرگە ڕێک نەخرێنەوە و نەکرێنە هێزی نیشتمانی.

له‌و ڕووه‌شه‌وه‌ بڕیارده‌رى لیژنه‌ى كاروبارى پێشمه‌رگه‌ جه‌خت ده‌كاته‌وه‌: "چەندجارێک لەگەڵ هاوپەیمانان کۆبووینەتەوە، ئاگاداریان کردینەوە تا بەحزبەکانمان بڵێین، گەر هێزەکان یەک نەخرێنەوە و لە دەرەوەی وەزارەت بمێننەوە، هاوکاریەکانیان ڕادەگرن ‌و مامەڵەمان لەگەڵ ناکەن".

جگە لە ئەنجامدانی مەشق ‌و ڕاهێنان‌ و هاوکاری کردنیان لە زۆر زانیاریدا، ئەمریکا مانگانە بڕی 20 ملیۆن دۆلار بۆ مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە ته‌رخان ده‌كات، خواستی سەرەکیی هێزەکانی هاوپەیمانانیش بۆ بەردەوامیدان بە هاوکارییەکانیان، یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی سەر بە پارتى‌ و یه‌كێتیه‌ له ‌چوارچێوه‌ى وەزارەتی پێشمەرگەدا.

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى كوردستان باس له‌وه ‌ده‌كات، "هاوپەیمانان چاویان لەسەر هێزەکانی 70و 80ى یەکێتی ‌و پارتییە، چوونكه‌ ئه‌وان لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەن، هەرچەندە هەنگاو بە هەنگاو دەخرێنەسەر وەزارەت، بەڵام پرۆسەکە زۆر بەهێواشی بەڕێوە دەچێت".

هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ فەریق جەبار یاوەر ئەمینداری پێشوی وەزارەتی پێشمەرگە بەدەنگی ئەمریکای وتووه‌: "هاوپەیمانان داوای یەکخستنی هێزی پێشمەرگە دەکەن، تا حزب هێزی لا نەبێت، نەک خوانەخواستە لەدوا ڕۆژدا، ململانێ حزبییەکان سەر بۆ پێکدادانی چەکداری بکێشێت، بەتایبەت لەم هەلومەرجەدا ململانێی حزبی قووڵە".