سەرۆکوەزیرانی عێراق بانگهێشتنامەیەکی فەرمیی ئەردۆغانی بۆ سەردانی تورکیا پێگەیشت
بەشی تورکیا- لە میانی دیداری لەگەڵ عەلی ڕەزا گونەی باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بانگهێشتنامەیەکی فەرمیی بۆ سەردانی تورکیا پێگەیشت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا، نامەیەکی نووسراوی گەیاندووەتە سودانی کە بانگهێشتی فەرمیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیای تێدابووە بۆ سەردانی تورکیا.
ئەردۆغان لە نامەکەدا خواستی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی هاوکاری ستراتیژی تورکیا–عێراق دەربڕیوە.

بەپێی بەیاننامەیەکی نووسینگەی سودانی لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییە ئابوورییە دووقۆڵییەکان و شێوازەکانی پەرەپێدانیان باسیان لێوە کراوە.

هاوکات پڕۆژەی "کەناڵی وشک" تاوتوێ کراوە، پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش بۆ هەماهەنگی لەسەر قۆناغەکانی پڕۆژەکە، هەروەها ڕێکارەکانی ئاسانکاری بۆ پێدانی ڤیزەی چوونە ژوورەوە بۆ ئەو وەبەرهێنەر و تەکنیکیانەی تورکیا کە لە عێراق کاردەکەن، گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە.