پەرلەمانی کوردستان لە خولی پایزەیدا لە بری 50 دانیشتن تەنها 15 دانیشتنی ئەنجامداوە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئینستتیوتی پەی بڵاوی دەکاتەوە، کە پەرلەمانی کوردستان بیری چووە کۆتایی بە پشووەکانی بهێنێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان لە هەڵسەنگاندانێکیدا بۆ خولی پایزەی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پەرلەمان بەپێی پەیڕەو دانیشتنەکانی ڕێکخراوە، بەپێی ماددەی 7ی پەیڕەو لە ساڵێکدا دوو وەرزی گرێدان هەیە، یەکەمیان لەسەرەتا مانگی ئازارەوە دەستپێدەکات و تا کۆتایی مانگی حوزەیران و بە خولی بەهارە ناو دەبرێت و دوومیان، لە سەرەتای ئەیلولەوە دەستپێدەکات و تا کۆتایی کانوونی یەکەم بەردەوام دەبێت و بە خولی پایزە ناو دەبرێت.

ئینستتیوتی پەی ئاشکرای کردووە، لەبەر ڕۆشنایی مادەی 51ی پەیڕەوی ناوخۆ، پەرلەمان دەبوو لە ماوەی ئەو خولی گوێدانەدا بەلای کەمەوە، 50 دانیشتنی بکردایە، بەڵام پەرلەمان کەمتەرخەم بووە و تەنها 15 دانیشتنی ئەنجامداوە.

دەشڵێت: پێویستە لە کۆتایی هەر خولێکی گرێداندا دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بڕیاری ڕاگەیاندنی کۆتایی خولی گرێدان بدات، جا یا لە کۆتایی دانیشتنی خولەکەدا یاخود بە بەیانێک رایبگەیەنێت، ئەمە هەم یەک لە ئەرک و دەسەڵاتەکانی سەرۆکی پەرلەمانە و هەم وەک نەریتێکیش لە هەموو خولەکانی پەرلەماندا پەیرەو کراوە، بەڵام لەکۆتایی خولی گرێدانی پاییزەدا سەرۆکی پەرلەمان کۆتایی خولی ڕانەگەیاند، بەمەش هەم پەیرەوی پێشێل کرد و هەم ئەو نەریتەیشی شکاند کە هەبوو.