تازه‌ترین زانیاری له‌باره‌ی دۆسیه‌ی هێرشکردنه‌سه‌ر کچێک له‌ هوانه‌ بڵاو کرایەوە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- تائێستا 19 که‌س له‌سه‌ر ده‌ستدرێژیکردنه‌ سه‌ر کچێکی له‌ناوچه‌ی هوانه‌ی سلێمانی ده‌ستگیرکران.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سه‌رکه‌وت ئه‌حمه‌د، وته‌بێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاندووە: ژماره‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ له‌سه‌ر ده‌ستدرێژیکردنه‌ سه‌ر کچێکی له‌ ناوچه‌ی هوانه‌ی سلێمانی ده‌ستگیرکرابوون بوون به‌ 19 که‌س و له‌ئێستادا به‌ فه‌رمی دادوه‌ر راگیراون.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد، ئه‌و کچه‌ی که‌ هێرشیکرایه‌ سه‌ر لای دادوه‌ر سکاڵای تۆمار کردووه‌ و شوێنه‌که‌ی بۆ هێزه‌کانی پۆلیس ئاشکرایه‌.

وته‌بێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی په‌یوه‌ست به‌ چاره‌نووسی ئه‌و شوێنه‌ی که‌ کێبڕکێ و  نمایشی ماتۆڕسکیل و ئۆتۆمبێل تیایدا ده‌کرێت، وتی: "نمایش کردن له‌و ناوچه‌یه‌ قه‌ده‌غه‌کرا و رێگه‌ی پێنادێتگ.

30ی 12ی 2022 له‌ ناوچه‌ی هوانه‌ی شاری سلێمانی ژماره‌یه‌ک گه‌نج هێرشیانکرده‌ سه‌ر کچێکی گه‌نج و "سووکایه‌تی"یان پێکرد، ڕووداوه‌که‌ کاردانه‌وه‌ی لێکه‌وته‌وه‌ و دواتریش فه‌رمانی ده‌ستگیرکردن بۆ ژماره‌یه‌ک گه‌نج ده‌رچوو.

پێشتر سه‌رکه‌وت ئه‌حمه‌د، وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی له‌ کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، سیان له‌و تۆمه‌تبارانه‌ خۆیان ڤیدیۆکه‌یان تۆمارکردوه‌ و بڵاویانکردوه‌ته‌وه‌ و لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت و چه‌قۆ، بۆکس خه‌نجه‌ر و ساتوریان پێبوه‌، ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه‌.