لەم مانگەدا دەست بە دامەزراندنی سێ هەزار پاسەوان بۆ سنوورەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وتەبێژی هێزی پاسەوانیی سنووری یەک لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بڕیارە لەم مانگەدا دەست بە دامەزراندنی سێ هەزار پاسەوان بکرێت بۆ سنوورەکانی هەرێمی کوردستان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کاروان خۆشناو، وتەبێژی هێزی پاسەوانیی سنووری یەک لە هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی وتووە: "لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە بڕیار دراوە کە سێ هەزار پاسەوان بۆ سنوورەکانی هەرێمی کوردستان دامەزرێن، بۆ ئەو مەبەستەش لینکێک ئامادە کراوە بۆ ئەوەی خەڵک لە ڕێگەی ئەو لینکەوە فۆرم پڕ بکەنەوە بۆ دامەزراندن وەکوو پاسەوانی سنوور".

لەبارەی كاراكردنی لینكی تۆماركردنەوە وتی: "بڕیارە لەم مانگە وەزارەتی ناوخۆ لینکەکە کارا بکات و خەڵک ئەوکات دەتوانن لەو ڕێگەیەوە داواکاری بۆ دامەزراندن پێشکەش بکەن کە بەپێی کۆمەڵێک ڕێنمایی دەبێت و لە کاتی کارابوونی لینکەکە ڕێنماییەکان دیار دەبن.