هەڵویستی ئەمریکا بەرامبەر بە هەوڵەکانی تورکیا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ سووریا

بەشی جیهان- وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی دا بە کۆبوونەوەی هاوبەشی بەشێک لە بەرپرسانی سووریا و تورکیا بەمەبەستی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، وتی: ئێستا کاتی ئاساییبوونەوە پەیوەندیەکان نییە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، لەسەر هەوڵی ڕووسیا، حکوومەتی تورکیا ڕێوشوێنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکوومەتی سووریا دەستپێکردووە، کە بە گوتەی شارەزایان ئامانجی تورکیا بۆ ئەو کارە فشار خستنە سەر کورد و گەڕانەوەی ملیۆنان پەنابەری سووریە بۆ وڵاتەکەیان.

بەڵام ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ئامانجێکی گەورەتری هەیە کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا ئاسایی بکاتەوە، ئەوەیش سەرکەوتنە لە هەڵبژاردنەکانی مانگی حوزەیرانی داهاتوودا.

نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان و لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا سەبارەت بە هەڵوێستی ئەمریکا لەبەرامبەر هەوڵی تورکیا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا ڕایگەیاند: ئێستا کاتی ئاساییکردنەوە و باشترکردنی پەیوەندییەکان نییە.

ناوبراو جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەمریکا پشتیوانی لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی وڵاتان و حکوومەتی سوریا ناکات و ئاگاداری مامەڵە سێ لایەنییەکانی ئەم دواییەی نێوان تورکیا و سوریا و فیدراسیۆنی ڕووسیایە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاشیگەیاند، وڵاتەکەی پشتگیری لەو چارەسەرە دەکات کە لە بڕیارنامەی ٢٢٥٤ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ قەیرانی سووریا پێشنیار کراوە، کە تا ئێستاش لەبەردەستدایە.

نێد پرایس هەروەها جەختی لە بەردەوامی پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە سووریا و بەتایبەت هێزە کوردەکان کردەوە.

News Code 7528

Your Comment

You are replying to: .
captcha