جیاوازیه‌كان ‌و كێشه‌كان نەهێڵن و ماڵێكى یه‌كگرتوو بونیاد بنێن
بەشی جیهان- كونسوڵى ئه‌مریكا له‌ هه‌رێمى كوردستان ئاشكرای ده‌كات، وڵاته‌كه‌ى په‌یامێكى ئاراسته‌ى پارتى دیموكراتى كوردستان‌ و یه‌كێتى نیشتمانىی كوردستان كردووه‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئیرڤن هیكس كونسوڵى گشتیی ئه‌مریكا له ‌هه‌رێمى كوردستان له‌باره‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان پارتى‌ و یه‌كێتى‌ و ڕۆڵى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا له‌و نێوه‌نده‌دات ڕایگەیاند، "ئه‌مریكا به ‌وردیى‌ و له ‌نزیكه‌وه‌ چاودێریى دۆخى هه‌رێمى كوردستان‌ و په‌یوه‌ندیه‌كانى پارتى‌ و یه‌كێتى ده‌كات".

كونسوڵى گشتیى ئه‌مریكا له ‌هه‌رێمى كوردستان جه‌ختی كرده‌وه‌: "نایشارینه‌وه‌، وه‌كوو ئه‌مریكا هاوشانێكى یه‌كگرتوومان ده‌وێت له‌ هه‌رێمى كوردستان ‌و هه‌میشه‌ش پێمانڕاگه‌یاندوون، ماڵێكى یه‌كگرتوو، زیاتر گه‌شه‌ ده‌كات ‌و زیاتر له‌بره‌وداندا ده‌بێت".

كونسوڵى گشتى ئه‌مریكا ئه‌وه‌شى وت: "دڵخۆشین به ‌وتووێژه‌كانى پارتى ‌و یه‌كێتى ‌و ڕێكه‌وتن له‌سه‌ر پۆستى وه‌زیرى پێشمه‌رگه ‌و چاوه‌ڕوانى ئه‌وه ‌ده‌كه‌ین هه‌رچى زووه‌ په‌رله‌مانى كوردستان دەنگ له‌سه‌ر ئه‌و گۆڕانكاریه‌ وزاریه‌ى بدات".

ناوبراو په‌یامێكیشى ئاراسته‌ى پارتى ‌و یه‌كێتى كرد و ناڕاسته‌وخۆ هۆشداری دا و وتى: "وا باشتره‌ جیاوازیه‌كانیان وه‌لاوه‌ بنێن، كوردستانێكى یه‌كگرتوو هاوپه‌یمان ‌و گرنگى زیاترى ده‌بێت لاى ئه‌مریكا، ئه‌گه‌ر ئه‌و یه‌كگرتنه‌ ڕووبدات ‌و ئاشتى ‌و ته‌بایی له ‌هه‌رێم ڕوویدا پلان‌ و به‌رنامه‌كانى ئه‌مریكا له‌مساڵدا باشتر ده‌چێته‌ بوارى جێبه‌جێ كردنه‌وه‌ و گرنگه‌ بۆ ئێمه‌ هاوشانێكى یه‌كگرتوومان هه‌بێت له ‌هه‌رێمى كوردستان، دواتر ئه‌وه‌ش ناشارینه‌وه‌ ئێمه‌ له ‌نزیكه‌وه‌ چاودێریى دیالۆگى نێوان پارتى ‌و یه‌كێتى ده‌كه‌ین".