سەلاحەدین دەمیرتاش لە زیندانەوە بەشداری هەڵبژاردنەکانی تورکیا دەکات
بەشی تورکیا- سەلاحەدین دەمیرتاش رایگەیاند، لە زیندانەوە هەڵمەتی هەڵبژاردن دەستپێدەکات، جارێکی دیکەیش داوا لەلایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا دەکات یەکگرتوو بن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند، کە بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات و لە یەکەم رۆژی بانگەشە تا کۆتا ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

دەمیرتاش وتیشی: "بۆ فراوانتر بەشداری کردن لە دیموکراسی، دەست بە هەڵمەتەکەیان دەکەن نەک تەنها بۆ ناوێک یان حزبێک و تا دوا رۆژ پێکەوە بەڕێوەی ببەن."

دەمیرتاش داواشی لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا کرد لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ٢٠٢٣ سەرجەمیان یەکبگرن.

ئەوەش لە کاتێکدایە لە ساڵی ٢٠١٦ سەلاحەدین دەمیرتاش لە زیندانی ئەدیرنە دەسبەسەرە و ساڵی ٢٠١٨ خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیا کاندید کرد و لە زیندانەوە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی بەڕێوەبرد.