یه‌کێتى لێکۆڵینه‌وه‌ له‌سێ ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى خۆی دەکات
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- به‌بڕیارى بڕیارده‌رى مه‌کته‌بى سیاسى یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان له‌سه‌ر تۆمارکردنى سکاڵایه‌ک له‌سه‌ر یه‌کێتى، لێکۆڵینه‌وه‌ له‌سێ ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى ده‌کرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە نووسراوێکدا که‌ ڕۆژى 4ى ئه‌م مانگه‌ ده‌رچووه‌، بڕیارده‌رى مه‌کته‌بى سیاسى یه‌کێتى بڕیاری داوه‌ به ‌لێکۆڵینه‌وه‌ له‌و سه‌رکردایه‌تیانه‌ى حزبه‌که‌ى که‌ چوونه‌ته‌ به‌غدا و سکاڵایان دژى حزبه‌که‌یان تۆمار کردووه‌.

له‌ نووسراوه‌که‌دا هاتووه‌، "له‌به‌ر ڕۆشنایی کۆبوونه‌وه‌ى کارگێڕانى مه‌کته‌بى سیاسى که‌ ڕۆژى 3ى ئه‌م مانگه‌ به‌ڕێوه‌چووه‌، بڕیار دراوه‌ به ‌پێکهێنانى لیژنه‌یه‌ک به‌ مه‌به‌ستى لێکۆڵینه‌وه‌ له‌و هه‌ڤاڵانه‌ى که‌ ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تین ‌و سکاڵایان دژى یه‌کێتى نیشتمانىی کوردستان له ‌به‌غدا تۆمار کردووه‌".

ئه‌و لیژنه‌یه‌ى له‌ کۆبوونه‌وه‌ى ده‌سته‌ى کارگێڕیدا بڕیارى له‌باره‌وه‌داوه‌ پێکهاتوون له ‌ئاسۆ مامه‌ند کارگێڕى مه‌کته‌بى سیاسى سه‌رۆکى لیژنه‌که ‌و سه‌رکه‌وت زه‌کى ڕزگار حاجى حه‌مه‌ ئه‌ندامانى مه‌کته‌بى سیاسى ‌و هاوکات ئه‌ندامى لیژنه‌.