نیوەی دەنگی کوردەکانی تورکیا بۆ HDP نابێت/ حیزبی دەسەڵاتداری تورکیا پێگەی لاواز بووە

بەشی تورکیا- یاساناس و سیاسەتوانی کوردی تورکیا لە لێدوانێکدا بە کوردپرێسی وتووە: نیوەی دەنگی کوردەکانی تورکیا بە هەدەپە دەدرێت و نیوەی دیکەشی لە نێوان حیزبەکانی دیکەدا دابەش دەبێت.

کوردپرێس:

سدقی زیلان یاساناس و سیاسەتوانی کوردی تورکیا لە لێدوانێکدا ئاماژەی بە جووڵەی حیزبی دەسەڵاتداری تورکیا و دانیشتنی لەگەڵ هەندێک لایەنی سیاسیی کورد کرد و گوتی: زانیاریی زۆر لەو بارەیەوە لە بەردەستدا نیە و ئێمەش لە میدیاکانەوە گوێمان لەو هەواڵانە دەبێت و ناتوانین بە گوێرەی گومان و بۆچوون لەو بارەیەوە هیچ بڵێین. ئەوەی کە لە میدیاکان دەرکەوتووە ئەردۆغان سەرەتا بۆ دیداری حیزبی نەتەوەخوازی مەهەپە ڕۆشت و پاشان چەند دیدارێکی لەگەڵ حیزبی سەعادەت و حیزبی کوردیی هوداپار بوو و ئەم دیدارانەش بە هۆی پێگەی ئەردۆغان و ەک سەرۆککۆماری تورکیا و هەروەها وەک سەرۆکی پارتی دەسەڵاتداری تورکیا کۆمەڵێک دیداری گرینگ بوون.

ناوبراو گوتیشی: کوردەکان بە هۆی پەرتەوازەبوونیان لە گەورەشارەکانی تورکیا وەک ئەستەمبۆڵ و ئیزمیر و ... لە ئەنجامی هەڵبژردنەکاندا شوێندانەر دەبن و لە گەورەشارێکی وەک ئەستەمبۆڵ ئەو کارتێکەرییە بە شێوەی بەرجەستەتر خۆ دەنوێنێت هەر بۆیەش کەسایەتییە سیاسییەکانی حیزبە جیاوازەکان مەبەستیانە کە دەنگی کورد بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن.

ناوبراو زیادی کرد: بابەتی دامەزراندنی حیزبی تازە مەسەلەیێکی تازە نیە و پێشتریش هەبووە. ژمارەیێک کەسایەتیی سیاسی کە لە حیزبەکان جیا بوونەتەوە هەوڵی دامەزراندنی حیزبی تازە دەدەن بەڵام من لەو بڕوایەدا نیم کە حیزبێکی نوێ دابمەزرێت چوونکە ئەمە داواکاریی هاووڵاتییان نیە.

ئەو سیاسەتوانە کوردە لەبارەی دەنگی کوردەکانی تورکیا لە هەڵبژاردنەکانیش بە کوردپرێسی وت: نیوەی دەنگی کوردەکانی تورکیا بە هەدەپە دەدرێت و نیوەی دیکەشی لە نێوان حیزبەکانی دیکەدا دابەش دەبێت.

سدقی زیلان زیادی کرد: دەنگی حیزبە کوردییەکانی دیکە ئەوەندە زۆر نیە و تەنها لە هەندێک ناوچە حیزبێکی وەک هوداپار ژمارەیێکی بەرتەسکی دەنگ بەدەست دەهێنێت. دەنگی هوداپار زیان لە هەدەپە نادات تەنها زیان لە حیزبی دەسەڵاتداری پارتی داد و گەشەپێدان دەدات و لە دەنگی حیزبە یئسلامییە دەسەڵاتدارەکەی تورکیا کەم دەکاتەوە.

ئەو یاساناس و سیاسەتوانە کوردە ئاشکراشی کرد: ئەم دەنگانەی هوداپار لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا بووە هۆی ئەوەی چەندین کورسیی شارەوانییەکان لە پارتی دادوگەشە بفەوتێت و بگات بە هەدەپە چوونکە ژمارەیێک لە ئیسلامخوازەکان دەنگیان بە هوداپار دا و ژمارەیێک دەنگی ئاکەپە کەم بوویەوە.

سدقی زیلان ئاشکراشی کرد لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا بۆ بەشداری کردن حیزبەکان لە هەڵبژاردنێکی گشتی پێویستە مامناوەندێک هەبێت و هەموو حیزبێکی تازەدامەزراو ناتوانێت لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا ڕکابەری بکات مەگەر ئەوەی ژمارەی پێوانەیی تێپەڕێنێت. لە ئێستادا هەدەپە و هوداپار توانای ئەوەیان نیە لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری بکەن.

ئەو یاساناسە زیادی کرد: گوشار و جیابوونەوەکان لە پارتی دەسەڵاتدار زیادی کردووە و ژمارەیێک لە سیاسەتوانە کوردەکانی ئەو جیزبەش وەک ڕابردوو لای جەماوەر پێشوازییان لێناکرێت و لە کۆمەڵگاشدا دەنگدەران لە وەزعی ئەمڕۆکەی کۆمەڵگا ڕازی نین.

سدقی زیلان بیریشی هێنایەوە کە دەنگدەران ئەمڕۆکە زیاتر لە چینی گەنجی دەرچووی زانکۆکانن و بە وردی چاودێریی دۆخی کۆمەڵگا دەکەن و سەرنجی میدیاکان دەدەن و بەرەیێکی بەهێز دژی حیزبی دەسەڵاتدار پێکهاتووە.

ناوبراو گوتیشی: گوشارەکان دژی پارتی دەسەڵاتدار ئێستاش کارا نیە و سیاسەتی حیزبی کۆماریخوازی جەهەپەش دژی دەسەڵات کارتێکەریی ئەوتۆی نیە. پێشتر پارتی دەسەڵاتدار لە ئایدیۆلۆجیی کەمالی ڕەخنەی دەگرت کە هەڵبەت ئەمەش بە سووری کورد بوو بەڵام ئێستا ئاکەپەش گەڕاوەتەوە بۆ کەمالیزم.

ئەو یاساناس و سیاسەتوانە کوردەی تورکیا ئاماژەی بە دۆخی کوردەکان لە ساحەی سیاسیی تورکیا کرد و گوتی: کورد هیچ پلان و یەکڕیزیی نیە و گەندەڵیی ئێجگار زۆر لە پارتی هەدەپە و هوداپار هەیە. ئەمانە کاکڵەی دوو پارتی پەکەکە و حیزبوڵان. پەکەکە، حیزبوڵای بە دارەدەستی دەوڵەت دەزانی و حیزبوڵڵاش پەکەکە بە دژەدین دەزانێت بۆیەش تا کورد نەگاتە یەکڕیزی ناکرێت چاوەڕوانیی ئەوە بکەین کە دۆخی سیاسیی کوردەکانی تورکیا باشتر ببێت.

News Code 754

Your Comment

You are replying to: .
captcha