کۆچ و کۆچبه‌رانی عێراق: به‌چه‌ند قۆناغێک ئاواره‌کانی که‌مپی هۆڵ ده‌گه‌ڕێنینەوە
بەشی جیهان- وه‌زاره‌تی کۆچ و کۆچبه‌رانی عێراق رایگه‌یاند: قۆناغ به‌ قۆناغ ئاواره‌ عێراقیه‌کانی که‌مپی هۆڵی لە کوردستانی سووریا ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عه‌لی عه‌باس به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی له‌ وه‌زاره‌تی کۆچ و کۆچبه‌رانی عێراق رایگه‌یاند: "به‌منزیکانه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی عێراقییه‌کان له‌ که‌مپی هۆڵی سووریاوه‌ به‌ شێوه‌ی قۆناغ به‌ قۆناغ بۆ سه‌نته‌ری چاکسازی ده‌روونی له‌ ناوچه‌ی جدعه‌ ده‌ستپێده‌کات، هه‌موو ئاماده‌کارییه‌کانیش ته‌واو کراون بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و ئاوارانه‌".

ناوبراو وتیشی: "گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ که‌مپه‌کانی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌، به‌ڵام هه‌نگاوه‌کان له‌سه‌رخۆ ده‌ڕۆن، چوونکه‌ منداڵی خێزانه‌ ئاواره‌کان وابه‌سته‌ی قوتابخانه‌کانن، پێمانوایه‌ ئه‌و خێزانه‌ ئاوارانه‌ دوای پشوی ناوه‌ڕاستی ساڵ به‌ ژماره‌یه‌کی زیاتر ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ زێدی خۆیان".

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی له‌ وه‌زاره‌تی کۆچ و کۆچبه‌رانی عێراق ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "هه‌موو هه‌لومه‌رجێکی گونجاو بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی خێزانه‌ ئاواره‌کان به‌تایبه‌تی له‌ قه‌زای شنگال دابین ده‌کرێت، جگه‌ له‌وه‌ش به‌رنامه‌یه‌کی دیکه‌ هه‌یه‌، که‌ هه‌ندێک له‌ که‌مپه‌کان تێکه‌ڵ ده‌کرێن بۆ یه‌کخستنی هه‌وڵه‌کان و که‌مکردنه‌وه‌ی تێچوونه‌کان و کۆنتڕۆڵ کردنی باشیتری دۆخی خێزانه‌کانی ناو ئه‌و که‌مپانه‌ و باشتر ده‌سته‌به‌رکردنی پێداویستییه‌کانی ڕۆژانه‌یان".

که‌مپی هۆل یه‌کێکه‌ له‌ گه‌وره‌ترین کامپه‌کان که‌ خێزان و ئه‌ندامانی داعشی تێدایه‌ له‌ کوردستانی سووریا و زیاتر له‌ 60 هه‌زار هاوڵاتیی سووری و هه‌ڵگرانی ره‌گه‌زنامه‌ی جۆراوجۆری وڵاتانی جیانی تێدایه‌، له‌نێویاندا 30 هه‌زار و 738 که‌سیان هه‌ڵگری ره‌گه‌زنامه‌ی عێراقین.