نێچیرڤان بارزانى ده‌ستپێشخه‌ریه‌ک بۆ یه‌کخستنى ناوماڵى کوردی دەخاتەڕوو
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ڕاوێژکارێکى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان، دەڵێت نێچیرڤان بارزانی ده‌ستپێشخه‌ریی هه‌یه بۆ یه‌کخستنى ناوماڵى کورد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، زیره‌ک که‌مال ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێم ئاشکرایکرد، سەرۆکی هەرێم دەستپێشخەریی هەیە، بۆ ئەوەی ناوماڵی کوردی یەکبخرێت ‌و ئێستاش سەرقاڵی زەمینەسازییە.

ناوبراو ده‌شڵێت: "سەرۆکی هەرێم دەستپێشخەریی هەیە، بۆ ئەوەی لایەنەکان پێکەوە کۆ ببنەوە و ناوماڵی کوردی یەکبخرێت، چونوکە یەکخستنی ناوماڵی کوردی زۆر پێویستە و دەستکەوتەکانمان پارێزراو دەبن‌ و سەنگی کوردیش زیاتر دەبێت، بۆیە گرنگە کورد یەکگرتووبن، لەئێستاشدا ئامادەسازیی دەکرێت بۆ ئەوەی هەنگاوی کرداری بنرێت بۆ کۆبوونەوەی لایەنەکان".

به‌وته‌ى زیره‌ک که‌مال: "دۆستانمان لەسەر ئاستی هەرێمی‌ و نێودەوڵەتیش بەتایبەت ئەمریکا، داوای یەکڕیزیمان لێدەکەن، بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێم پارێزراو بێت ‌و کێشەکانمان بەیەکگرتوویی لەسەر ئاستی ناوخۆیی ‌و دەرەوەش چارەسەربکەین".

له‌باره‌ى هه‌وڵه‌که‌ى سه‌رۆکى هه‌رێمیشه‌وه‌، ڕاوێژکاره‌که‌ى بارزانى ده‌ڵێت: "سه‌رۆکى هه‌رێم دەیەوێت دەرفەتێکی باش بڕەخسێت بۆ کۆبوونەوە و یەکخستنی ناوماڵی کوردی، چوونکە هەمووان دەیانەوێت بەیەک تیم ڕووبەڕووی کێشەکان ببینەوە و چارەسەریان بکەین، بۆیە گرنگە لایەنەکان پێکەوە کۆ ببنەوە و کێشەکان چارەسەربکەن".