بافڵ تاڵه‌بانى له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منیه‌کانى سنوورى پارێزگاى سلێمانى کۆ بوویەوە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منیه‌کانى سنوورى پارێزگاى سلێمانى، سه‌رۆکى یه‌کێتى داوایان لێده‌کات، ئامادەبن بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێک.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان لەگەڵ سەرۆکی ئاژانسی پاراستن‌ و زانیاری، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، بەڕێوەبەری گشتی دژەتیرۆر، جێگری فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆ و لێپرسراوی هێزەکانی ئۆپراسیۆنی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان کۆ بۆوه‌.

به‌گوێره‌ى ڕاگه‌یه‌نراوێک ئاماژه‌ به‌وه‌کراوه‌، له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا کە قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتاریەتی "مام جەلال" ئامادەیبووه‌، بافڵ تاڵەبانی داوای کردوه‌، "وەک هەمیشە ئامادە بن بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێک کە سەقامگیریی هەرێم تێکبدات‌ و ژیانی خەڵکەکەی بخاتە مەترسییەوە".

لەو کۆبوونەوەیەدا بافڵ تاڵه‌بانى باسی سەروەریی یاسا و جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی دادگای کردووه‌ و وتوویه‌تى: "سەقامگیریی خاک ‌و خەڵکەکەمان لە سەروو هەموو شتێکەوەیە و ڕێگە بەهیچ کەسێک نادەین یاساشکێنی بکات، داواتان لێدەکەم بەهەمووشێوەیەک ڕووبەڕووی ئەوانە ببنەوە کە ئارامی ‌و ئاسایشی خەڵک تێکدەدەن ‌و سنوورەکانی یاسا دەبەزێنن".