پێشوازی کردنی نێچیرڤان بارزانی لە کاراکتەرێکی نێو سۆشیال میدیا کاردانەوەی لێکەوتەوە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ کاراکتەری نێو سۆشیال میدیا کە بە ڤیدیۆ رەخنە ئامێز و پێکەنیناویەکانی ناسراوە، ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، یەکێک لەو رەخنانەی لە سەردانەکە گیراوە، ئەوەی کە ناوبراو لە نەتەوەی عەرەبە و خۆی سەرۆکی هەیە، چ پێویست دەکات  لە هەرێمی کوردستان لە بەرزترین ئاستدا پێشوازیی لێبکرێت.

هاوکات دەوترێت: "نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم لەهەمان ئەو شوێنەی پێشوازیی لە شاندە بیانیەکان دەکات، پێشوازیی کرد لە عەلی عادل کارەکتەری نێو سۆشیاڵ میدیای عێراقیی".

هەروەک ئەم سەردانە جگە لەوەی لەلایەن خەڵک و کەسانی دیاری ناو سۆشیال میدیاوە رەخنەی لێگیراوە، لەنێو پارتی دیموکراتی کوردستانیشدا ڕووبەڕووی رەخنە بووەتەوە.

عەلی عادل، ئەو گەنجەی کە سەرەتا لەناو عێراقیەکان بەوە ناسراو بوو، بە شێوەیەکی کۆمیدی، دۆخی ڕاستەقینەی کولەمەرگی گەنجانی عێراقی پیشان دەدا، بەو هۆیە پەیامەکانی زۆر زوو بڵاو دەبوونەوە، گەیشتە ئیدارەی بایدن و لە واشنتۆن بەڕەسمی جوابیان دایەوە.