یه‌کێتی ڕێککه‌وتنه‌ سیاسییه‌کانی له‌گه‌ڵ پارتی جێبه‌جێ ناکات
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- به‌رپرسی مه‌کته‌بی ڕێکخستنی هه‌ولێری پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، یه‌کێتی وه‌کوو پێویست ڕێککه‌وتنه‌ سیاسییه‌که‌ی له‌گه‌ڵ پارتی جێبه‌جێ نه‌کردوه‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەربەست لەزگین ئەندامی مەکتەبی سیاسی ‌و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی هەولێرى پارتى به‌ میدیاى نزیک له‌ حزبه‌که‌ى ڕاگه‌یاند: "ئه‌گه‌ر ئێستا پێداچوونه‌وه‌یه‌ک به ‌ڕێککه‌وتنه‌ سیاسییه‌ی نێوان پارتی ‌و یه‌کێتی که‌ واژو کراوه‌ بکه‌ین، ده‌بینین یه‌کێتی وه‌کوو پێویست پابه‌ندی ئه‌و بنه‌ما و خاڵانه‌ی که‌ له‌ناو ڕێککه‌وتنامه‌که‌دا هه‌ن نه‌بووه‌ و ئێمه‌ وه‌کوو پارتی نیگه‌رانیی زۆرمان له‌باره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌".

ئه‌و به‌رپرسه‌ باڵایه‌ى پارتى باس له‌وه‌ش ده‌کات، "ڕێککه‌وتنامه‌ی نێوان پارتی ‌و یه‌کێتی له‌باره‌ی پێکهێنانی  کابینه‌ی نۆیه‌م به‌زیاده‌وه‌ جێبه‌جێ کراوه‌، چوونکه‌ ئه‌و پۆستانه‌ی یه‌کێتی له‌نێو حکوومه‌ت وه‌ریگرتوون زۆر زیاترن له‌و پۆستانه‌ی به‌گوێره‌ى به‌رکه‌وته‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان بۆی دیاریکرابوون".

له‌زگین ده‌شڵێت: "هه‌موو کاتێک ئاماده‌ین له‌گه‌ڵ یه‌کێتی ‌و هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی هه‌رێم کۆ ببینه‌وه ‌و گفتوگۆ بکه‌ین، چوونکه‌ یه‌کێتی به‌هاوبه‌شێکی سه‌ره‌کیی پارتی ده‌زانین ‌و به‌پێویستی ده‌زانین کێشه‌کانی نێوانمان له‌گه‌ڵ یه‌کێتی به ‌گفتوگۆ چاره‌سه‌ربکرێن".