ڕێگای زۆر هەن بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە هاوتا عێراقییەکەی وتووە، زۆر ڕێگە هەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رۆژی چوارشەممە 11-1-2023، شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا، بە گوێرەی میدیای پارتی مەسروور بارزانی لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ سوودانی رایگەیاندووە: "ئەگەر نیازی چارەسەرکردن هەبێت زۆر رێگە هەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ئێمە رێککەوتنی لایەنەکان و کارنامەی وەزاریی حکوومەتمان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان".

لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق وتوویەتی: "خواستێکی بەهێزمان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی بەشێوەیەک کە لە بەرژەوەندی گشت هاووڵاتییانی عێراقدا بێت".

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە تاوتوێ کردنی ئامادەکارییەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2023 و وردەکاییەکانی پشک و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی .

هەروەها گفتوگۆ دەربارەی هەنگاوەکانی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و گازی فیدراڵی کرا هەروەک لە ڕێککەوتنی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەت و کارنامەی وەزیدا هاتووە .

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی کێشەکان و گەیشتن بە چارەسەرێک بۆ هەردوو تەوەری پەیوەندیدار بە بودجە، نەوت و گاز لە چوارجێوەی دەستووردا.

گرنگیی جێبەجێ کردنی ماددەی 140ـی دەستوور و دەستەبەر کردنی مافە دەستوورییەکانی هێزی پێشمەرگەی کورستان وەک بەشێک لە سیستەمی بەرگریی عێراقی فیدراڵ و جێبەجێ کردنی ڕێککەوتننامەی شنگال، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.

News Code 7560

Your Comment

You are replying to: .
captcha