ئەگەر ناكۆكییەكانی پارتی و یەكێتی بەردەوام بن، هاوپەیمانان هەڵوێستیان دەگۆڕێت
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، دەڵێت، لە ئەگەری بەردەوامیی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و یەکنەگرتنی هێزی پێشمەرگە، هەڵوێستی هاوپەیمانان کە مەشق بە هێزەکان دەکەن و بوودجەیان بۆ تەرخان دەکەن، رەنگە گۆڕانکاری بەسەردا بێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، محەمەد حاجی مەحموود، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵی توركی، لەبارەی تەبایی نێوان حزبەكانی هەرێمی كوردستان وتی: "لە راستیدا لە باسی تەبایی حزبە کوردییەکاندا، پێویستە تەرکیز بخرێتە سەر دوو حزبی دەسەڵاتدار لە هەرێمی کوردستان. دوو حزب کە هەموو جومگەکانیان لە دەستدایە."

لەبارەی هۆکاری ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، وتی :"دوای ئەوەی کێشەکان هەندێک زەق بوونەوە، کۆبوونەوەی دوکان کرا، هەموو حزبەکان بێجگە لە پارتی بەشدار بوون. کۆبوونەوەکەی دووکان یەکلایەنە لای یەکێتییەوە پێشنیار کرابوو، بۆ ئەوەی ئەنجومەنێکی سیاسیی دروست بکرێت، ئەو حزبانەی تێدا کۆببێتەوە و پێکەوە بڕیارێکی سیاسییان هەبێت. لەو ماوەیەدا ناکۆکییەکان زۆر توند بوونەوە. لەم چەند رۆژەدا، چەند کۆبوونەوەیەکیان کردووە و دەگەنە ئەنجام، چوونکە ئەو دوو حزبە هیچ چارەیەکیان نییە جگە لە پێکەوەکار کردن. ئەگەر پێکەوە کارنەکەن، هێزەکانی هاوپەیمانان کە مەشق بە پێشمەرگە دەکەن، یان ئەمریکا کە پارە دەدات بە هێزی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکانی کوردستان و دژەتیرۆر، رەنگە هەڵوێستێکی دیکەی هەبێت ئەگەر ئەو دوو حزبە ناکۆک بن، چوونکە ئەوان داوای یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە دەکەن. ئەگەر ئەمان دژ بن ئەوانیش هەڵوێستێکی تریان دەبێت".

محەمەد حاجی مەحمود لەبارەی یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەژێر کاریگەری بارودۆخی ئێستای ناوچەکەدا وتی: "من پێموانییە هێزی پێشمەرگە بەو شێوەیەی خەڵک دەیەوێت یەکبگرێتەوە، هەرگیز یەکناگرێتەوە، بەڵام ئێمە تاکو ئێستا دوو ئەزموونمان هەیە، ئەزموونی یەکەم لە دوای یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢، هێزی پێشمەرگە بوو بە یەک هێز.

هەڵبەتە پەنجا بە پەنجا بو ئەگەرچی ئێمەیش بەشداربوین تیایدا، بەڵام کاتێک شەڕی ناوخۆ دەستی پێ کرد هەمو هێزەکانی پێشمەرگە لە ماوەی یەک کاتژمێردا جیابوەوە. نەک تەنها جیابونەوە بەڵکو شەڕی یەکتریشیان کرد. ئەزموونی دووەمیشمان لە کاتی شەڕی داعش بو کە زیاتر لە ١٤ لیوای هێزەکانی پێشمەرگە یەکیان گرتبوەوە. هێزەکانی ٧٠ و ٨٠یش لە بەرەکانی شەڕ بون و بەرگرییان دەکرد، بەڵام کاتێک ١٦ی ئۆکتۆبەر و هێرشی عێراق بۆسەر کەرکوک، خانەقین، شنگال و ئەو ناوچانە رویدا و دەستی پێ کرد لە ماوەی کاتژمێرێکدا لیواکانیش جیابونەوە و چەکەکانیان لەنێوان خۆیاندا دابەش کرد.

ئەمەی ئێستایش هەمان شێوەیە. رەنگە لەژێر فشاری ئەمریکا یان لەبەرئەوەی ئەمریکا پارەی پێشمەرگە نەبڕێت، یان لەبەر ئەوەی وڵاتانی هاوپەیمان مەشق بە پێشمەرگە دەکەن. یەکگرتن ئەوەیە ئەوەی ئێستا هێزی پێشمەرگە هەیەتی، هەمووی خانەنشین بکرێت. داوای تەمەن بکرێت ئەوانەی شمول دەکەن. داوا بکرێت تەجنید دابنرێت، داوا بکرێت کێ دێت و لە وەزارەتی پێشمەرگە دادەمەزێت. کۆمەڵێک گۆڕانکاری بکات، ئەو کەسەی دەبێتە پێشمەرگە بۆ داهاتوی خۆی پابەند دەبێت و چارەنوسی خۆی دەبەستێتەوە بەو وەزارەتەوە. وەک کارمەندانی وەزارەتی دیکە. پێویستە خەڵک خۆی بێت بۆ وەزارەتی پێشمەرگە نەک بە تەزکییەی حزبی بکرێت. ئەو کاتە ئەو هێزە دەتوانێت ببێتە هێزی یەکگرتووی کوردستان، ئێستا بەم شێوەیە نابێت".