هیچ گۆڕانکاریەکی ئەرێنی لە پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتیدا نەکراوە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سه‌ركردایه‌تیه‌كى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان دوایین زانیارى له‌باره‌ى په‌یوه‌ندیه‌كانى نێوانیان له‌گه‌ڵ پارتى ئاشكرا ده‌كات‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، له‌تیف نێروه‌یی ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى به‌ شارپرێسى وت: "په‌یوه‌ندیی یه‌كێتى‌ و پارتى له‌ دۆخێكى نائاساییدایه‌ و هیچ گۆڕانكارییه‌كى ئه‌رێنیش ڕووینه‌داوه‌".

ناوبراو وتیشى: "ئێمه‌ وه‌ك یه‌كێتى چاوه‌ڕوانى هه‌نگاوه‌كانى ئه‌و په‌یامه‌ى پارتى بووین كه‌ له‌كۆنگره‌ى خۆیدا ڕایگه‌یاند، لاپه‌ڕه‌یه‌كى نوێ ده‌كه‌نه‌وه‌ و سه‌ردانى هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كه‌ن به‌ یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستانیشه‌وه‌.
سەرکردایەتیەکەی یەکێتی درێژەی دا: له‌وكاته‌شه‌وه‌ تائێستا یه‌كێتى چ له‌ڕێگه‌ى میدیا و له‌ڕێگه‌ى خودى بافڵ تاڵه‌بانیش، به‌ پارتى‌ و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانمان گه‌یاندووه‌، بۆیه‌ چاوه‌ڕوانى هه‌نگاوه‌كانى ئه‌وان ده‌كه‌ین بزانین ئاخۆ كه‌ى به‌جدى دێنه‌ پێشه‌وه‌ و به‌شێوه‌یه‌كى كرده‌یی ئه‌و نیگه‌رانیانه‌ى كه‌ هه‌مانه‌ ده‌یڕه‌وێننه‌وه‌.
ناوبراو لە کۆتاییداجەختی کردەوە: "ئێستا تۆپه‌كه‌ له‌ساحه‌ى پارتیدایه‌و چاوه‌ڕوانى ئه‌وان ده‌كه‌ین".