وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی توركیا سه‌باره‌ت به‌ خۆپیشاندانی كورده‌كان له‌ ستۆكهۆڵم هاتەدەنگ
بەشی تورکیا- وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی توركیا ڕایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر سوید هه‌نگاوی پێویست بۆ كۆتایی هێنان به‌ چالاكیی ڕێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كان و دژایه‌تی كردنی ئه‌ردۆغان نه‌نێت، هه‌ر پێشكه‌وتنێک له‌باره‌ی قبووڵ كردنی ئه‌ندامێتی سوید له‌ هاوپه‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی "ناتۆ" مه‌حاڵ ده‌بێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئیبراهیم كاڵن، وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا سه‌باره‌ت به‌ خۆپیشاندانی كورده‌كان له‌ ستۆكهۆڵمی پایته‌ختی سوید و وتنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ک دروشم دژ به‌ ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک كۆماری توركیا وتی: "ئێمه‌ ئه‌و كاره‌ قێزه‌ون و نه‌فره‌ت لێكراوانه‌ سه‌ركۆنه‌ ده‌كه‌ین له‌ ستۆكهۆڵم كه‌ سه‌رۆكه‌كه‌مان ده‌كه‌نه‌ ئامانج".


ناوبراو وتیشی: "ئێمه‌ كاردانه‌وه‌ی خۆمان به‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی سوید و چاوه‌ڕوانییه‌كانمان له‌و باره‌وه‌ گه‌یاندوه‌، ئه‌وان ده‌بێت هه‌ندێک هه‌نگاو بنێن، تا سوید كۆتایی به‌ چالاكییه‌كانی ڕێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كان نه‌هێنێت، پێشكه‌وتن له‌سه‌ر به‌ ئه‌ندامبوونی له‌ ناتۆ مه‌حاڵه‌".

شایانی باسە وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا له‌ كاتی خۆپیشاندانێكدا له‌ ستۆكهۆڵم، باڵیۆزی سویدی له‌ ئه‌نقه‌ره‌ بانگهێشت كرد و یاداشتێكی ناڕه‌زایی سه‌باره‌ت به‌ "به‌ره‌وپێشبردنی په‌كه‌كه‌ و پڕوپاگه‌نده‌ دژی  ئه‌ردۆغانی ئاڕاسته‌ی كرد، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ خۆپیشاندانه‌كاندا وێنه‌یه‌كی ئه‌ردۆغان وه‌ک بووكه‌ڵه‌یه‌كی گاڵته‌جار له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ به‌رز كرایه‌وه‌.