تا تورکیا هەڕەشەکانی لەسەر مافی مرۆڤ نەوەستێنێت فرۆشتنی F-16 بەو وڵاتە پەسەند ناکەم
بەشی تورکیا- سەرۆکی دیموکراتەکان لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سینا لە بەیاننامەیەکدا گوتی: "وەک چەندین جار ڕوونم کردۆتەوە، بە توندی دژی پێشنیاری فرۆشتنی فڕۆکەی نوێی ئێف-١٦ی ئیدارەی بایدنم بۆ تورکیا."

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سیناتۆر باب مێنێندێز، لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاندووە "ئەردۆغان مافەکانی مرۆڤ و نۆرمەکانی دیموکراسی پشتگوێ خستووە و خەریکی هەڵسوکەوتی ترسناک و ناسەقامگیرکەر بووە لە تورکیا لە دژی هاوپەیمانانی دراوسێی ناتۆ."

ئەو گوتیشی "تا ئەردۆغان هەڕەشەکانی نەوەستێنێت وەک هاوپەیمانێکی متمانەپێکراو مامەڵە نەکات، من ئەم فرۆشتنە پەسەند ناکەم."

مێنێندێز هەروەها وتی پێشوازی لە هەواڵی فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی نوێی ئێف ٣٥ بۆ یۆنان دەکات و ئاماژەی بە ئەسینا کرد وەک "هاوپەیمانێکی متمانەپێکراوی ناتۆ" و گوتی فرۆشتنەکە "توانای هەردوو وڵات بەهێزتر دەکات بۆ بەرگری کردن لە بنەما هاوبەشەکان لەنێویاندا بەرگری هاوبەش، دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و سەروەری یاسا."