سەرکردایەتیی یەکێتی بەرپرسیارن بەرامبەر بەو دۆخەی لە سنووری سلێمانی دروست بووە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕایگه‌یاند سەرکردایەتیی یەکێتی، بەرپرسیارن بەرامبەر بەو دۆخەی لە سنووری سلێمانی ‌و گەرمیان‌ و هەڵەبجە و ڕاپەرین دروست بووە".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مه‌سروور بارزانى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان لە پەیامێکدا بڵاوی کردەوە: من ‌و کابینەکەم لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان ‌و ئێوەی خۆشەویست سوێندمان خواردوە کە کاربکەین بۆ بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل‌ و نیشتمان ‌و پاراستنی کیانی دەستوریی هەرێمی کوردستان، هەربۆیە لەسەرەتای ئەم کابینەیەوە، وا ڕێککەوتین کە شوێنەواری دوو ئیدارەیی بسڕێتەوە و بڕیارەکانی حکوومەت، لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان، بەیەکشێوە جێبەجێ بکرێن.

نابێت لە هیچ بەشێکی هەرێمی کوردستاندا، بڕیاری حزبی یان تاکەکەسی، ڕێگە لە جێبەجێ کردنی کار و بەرنامەی حکوومەت بگرێت، من بە یەکسانی، سەیری سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەکەم ‌و خۆم بە بەرپرسیار دەزانم بەرامبەر هەموو هاوڵاتیانی هەرێم لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا، بەڵام بەداخەوە، ڕێگریی کراوە و کۆسپ بۆ حکوومەتی هەرێم دروست کراوە، کە ئەمەش زیانی بە ژیان ‌و گوزەرانی هاوڵاتییانمان گەیاندووە.

نزیکەی دوو ساڵە، کێشەی کۆکردنەوەی داهات‌ و نەمانی پارە لە بانکەکانی سنووری سلێمانی ‌و گەرمیان‌ و هەڵەبجە و ڕاپەڕین هەیە، بەدواداچوونی ئەم کێشەیەمان کردووە و لیژنەیەک لە وەزارەتی دارایی ‌و ناوخۆ، بۆ بەدواداچوونی ئەم کێشەیە پێکهێنرا، بەڵام کرۆکی ئەم کێشەیە ئەوەیە، کە هەندێک کەس ‌و لایەن لەپێناو بەرژەوەندیی خۆیان، دەستدەخەنە ناو پرۆسەی کۆکردنەوەی داهاتی ئەو سنوورانە، بۆیە هەر ئەو کەس و لایەنانە بەرپرسیارن لەبەرامبەر ئەو زیانانەی بە هاوڵاتییان ‌و دامودەزگاکانی حکوومەت دەگات.

شەفافییەت ئەوەیە کە حکوومەت، خۆی چاودێریی لەسەر کۆی پرۆسەی کۆکردنەوەی داهاتەکانی بکات، نەک بەتەنها ئاگاداری ئەو بەشەبێت کە بۆ حکوومەت جیا دەکرێتەوە. لەسەرەتای ئەم کابینەیە، هەوڵمانداوە داهاتەکانی هەرێم ڕێکبخەینەوە و تا ئاستێکی باشیش سەرکەوتوو بووین ‌و هەر بەو هۆیەوە، توانیمان قۆناغی سەختی بێ داهاتیی لەسەرەتای دەرکەوتنی پەتای کۆرۆنادا تێپەڕێنین.

هاووڵاتییانی بەڕێز،

ماوەیەکە لەلایەن دامودەزگاکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانەوە، کە هاوبەشێکی سەرەکیی ئەم کابینەیەن، وا باس دەکرێت کە ئابڵوقە لەسەر سنووری سلێمانی هەیە، هەموو شارەزایانی دۆخی دارایی هەرێم دەزانن کە داهاتی نەوت ‌و هەروەها ئەو بەشە بوودجەیەی ناوە ناوە لە بەغدا هاتووە، بەشێوەیەکی یەکسان دابەش کراوە و مووچەی کارمەندانی پێدراوە، ئەوەی کە جێگەی هەڵوەستە بووە، داهاتی نانەوتیی ناوخۆی هەرێم بووە کە بەشێکی زۆریشی داهاتی دەروازە سنوورییەکانە، بەڵام بەداخەوە، ڕێگە نەدراوە ئەم بوارە لە سنووری سلێمانی ‌و گەرمیان ‌و هەڵەبجە و ڕاپەرین ڕێکبخرێتەوە، بۆیە سەرکردایەتی یەکێتی، بەرپرسیارن بەرامبەر بەو دۆخەی لەو دەڤەرانە دروست بووە.

ئەگەر بەرژەوەندیی هاووڵاتییانمان، لە سەرووی بەرژەوەندیی حیزبی دابنرێت، ئەوا چارەسەریی ئەم دۆخەش ئاسانە و پلان و بەرنامەی کارامان هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و هەنگاوی باشیشمان نابوو بۆ چارەسەری، بەڵام بەداخەوە ڕێگری کرا لە جێبەجێ کردنی و دواتریش کردەوەی تیرۆر کردنی هاوکار جاف ئەو پرۆسانەی بە تەواوی پەک خست.

کێشە داراییەکان و بابەتی کۆکردنەوەی داهات، نزیکەی دوو ساڵە هەیە و دەیان کۆبوونەوە لە سەر ئەم بابەتە کراون و بەرچاوڕوونیی باش هەبووە بۆ چارەسەری. بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانیش هەیە بۆ ناردنی هێزی هاوبەش بۆ دەروازە سنووریەکان، بەڵام یەکێتی نیشتیمانی ڕێگر بوو و هەڕەشەی ئەوەیان کرد کە ئەگەر ئەوە بکرێت شەڕی ناوخۆ ڕوو دەدات، بۆیە لەم کاتەدا، زەقکردنەوەی ئەم بابەتە، تەنیا بۆ ئەوە بووە تیشک نەخرێتە سەر بابەتی تیرۆرکردنی هاوکار جاف لە جەرگەی پایتەختی هەرێمی کوردستان. هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە، هێمای ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر و تۆقاندن بوونە و ناکرێت لە ناوخۆی هەرێم، کەسانێک بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانیان دەست بۆ تیرۆر ببەن.

لەم کەیسەدا، هیچ لایەنێکمان تۆمەتبار نەکردووە، تەنیا ناوی چەند کەسێکی تۆمەتبار هەیە کە دەبێت ڕادەستی دادگا بکرێن و بۆ ئەم مەبەستەش، بە فەرمی نووسراو ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار لە سلێمانی کراوە. هەر لە سەرەتاوە، گوتوومانە با لێژنەی لێکۆڵینەوەی هاوبەش هەبێت و با لایەنی سێێەم، تەنانەت لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا، بەشداری لە لێکۆلینەوەکە بکەن، بەڵام بەداخەوە، تا ئێستا وەڵامێک بۆ ئەم داواکارییە نیە. کەواتە کێشە داهات و دۆخی دارایی سلێمانی نیە، ئەوەی کە هەیە ئەوەیە، داوامان لێ دەکرێت کەیسی تیرۆری هاوکار جاف کپ بکرێت کە ئەمەشیان داواکارییەکی ناڕەوایە و نابێت هاووڵاتییانی هەرێم قبوولی بکەن.

دۆخی ناوچەکە لێمان دەخوازێت کە کێشەکانمان چارەسەر بکەین و بەهێزەوە بەرەو داهاتوو هەنگاو بنێین . لێرەدا لە پیناو بەرژەوەندیی گشتی و تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە، ئەم چەند خاڵەی خوارەوە، دەخەمە بەردەم ڕای گشتی و هەموو لایەنەکان:

یەکەم: لە بارەی کەیسی تیرۆرکردنی هاوکار جاف کە هۆکاری سەرەکیی ئەو دۆخە ئاڵۆزەیە، داوا دەکەم، سەرەتا تۆمەتباران ڕادەستی دادگا بکرێن و ئینجا با لێژنەیەکی هاوبەش لە دامودەزگا پەیوەندیدارەکان بە ئامادەبوونی لایەنی نێودەوڵەتی و نوێنەرانی پەرلەمانی کوردستان و یان هەر وڵاتێکی دۆست کە بخوازێت بەشدار ببێت، پێک بهێنرێت، تاکو هەرچی زووتر لیکۆڵینەوە لەگەڵیان دەست پێ بکرێت و ئەنجامەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێن.

دووەم: لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، داوا دەکرا بابەتی لامەرکەزییەت و شۆڕکردنەوەی دەسەڵات لە داهات و خەرجی جێبەجێ بکرێت، بۆیە ئەو دەسەڵاتە شۆڕکرایەوە. ئێستا لە لایەن تیمی وزاریی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، داوا دەکرێت خەرجییەکان بکرێتەوە مەرکەزی، ئەگەر ئەمە داوا دەکرێت، پێویستە کۆکردنەوەی داهاتیش بکرێتەوە مەرکەزی و پرۆسەی کۆکردنەوەی داهات بە تایبەت لە خاڵە سنووریەکان، لە ژێر سەرپەرشتی و چاودێری چڕی مەرکەزی بێت. بۆ ئەم مەبەستەش، پێویستە هاوئاهەنگیی لە نێوان وەزارەتەکانی دارایی و ناوخۆ و پێشمەرگە هەبێت تاکو ڕێگە لە قاچاخچێتی و دەستبردن بۆ داهاتی دەروازە سنووریەکان بگیرێت و پێکهێنانی هێزێکی هاوبەش بۆ ئەم مەبەستە زۆر پێویستە.

سێیەم: پێویستە کۆسپ بۆ پرۆسەی چاکسازی و یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە دروست نەکرێت. لەم کابینەیەدا، بە کردەوە هەنگاومان بۆ چاکسازی لە هێزی پێشمەرگە و یەکگرتنەوەیان ناوە و دەبێت هێزی پێشمەرگە، ببێت بە هێزێکی نیشتیمانیی بەهێز بۆ بەرگری لە کیانی دەستووریی هەرێم و دوورخستنەوەی هەڕەشەکان، دوور لە ئەجێندای حیزبی و تاکەکەسی.

چوارەم: لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی و پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێم، پێویستە هەرچی زووتر، پەرلەمانی کوردستان دانیشتنی خۆی ساز بکات بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەلبژاردن ، تاکو بە کردەوە، هەنگاو بۆ سازدانی هەڵبژاردن بنرێت و پێویستە ئەمساڵ، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەرێوەبچێت و ئێمە لە حکوومەتی هەرێم، ئامادەین هەموو پێداویستییەکانی هەڵبژاردن، لە زووترین کاتدا دابین بکەین.

پێنجەم: دەبێت لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە حکوومەت، وەک حیزب، پاڵپشتی حکوومەتی هەرێم بن و نابێت لە ناو حکوومەت بن و ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن ببینن. پێویستە وەزیر و تیمە وەزارییەکانیش، جێبەجێکاری ئەجێندای حکوومی بن و نابێت کێشە و ئاڵۆزییە سیاسییەکان بگوازنە ناو حکوومەت. دەبێت کێشە سیاسییەکان، لە دەرەوەی حکوومەت هەوڵی چارەسەرکردنیان بدرێت نەک کاری حکوومەت پەک بخەن.

مەسروور بارزانی

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

2023/1/15

News Code 7574

Your Comment

You are replying to: .
captcha