یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەڵامی پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی دایەوە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆک و تیمی وەزاری یەکێتی لە کابینەی نۆیەم وەڵامی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەداتەوە دەڵێت، "چاوه‌ڕوان بووین بۆ یه‌ک جار سه‌رۆکى حکوومه‌ت وه‌ک سه‌رۆکى حکوومه‌تى هه‌رێم قسه‌ بکات".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەقی پەیامەکە بەم شێوەیە:

بە‌داخه‌وه سه‌ره‌ڕاى بوونى دنیایه‌ک کێشه ‌و قه‌یران و قووڵبوونه‌وه‌ى زیاترى ناکۆکییه‌کان، چاوه‌ڕوان بووین بۆ یه‌ک جار سه‌رۆکى حکوومەت وه‌ک سه‌رۆکى حکوومەتى هه‌رێم قسه‌ بکات، چاوه‌ڕوان بووین په‌یامه‌که‌ى ده‌ستپێشخه‌رى بێت بۆ چاککردنى دۆخى ژیانى هاووڵاتیان و کۆتایی هێنان به‌ کێشه‌کانى نێوان هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی ناو حکوومەت بێت، به‌داخه‌وه‌ وا نه‌بوو، ئێمە چاوەڕیی هەڵوێستێک بووین کە هەوڵێک بێت بۆ نزیکبوونەوەی لایەنەکان بەتایبەت یەکێتی و پارتی کە ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی چارەنووسساز لەنێوانیادا.

ئێمە گلەیی و هەڵوێستمان هەبووە لەکردەوە و شێوازی ئیدارەدانی ئەم کابینەیە کە مەسروور بارزانی سەرۆکیەتی. گلەییەکانیشمان هی خەڵکن. پەیوەندییان بە شێوازی حوکمڕانیە، پەیوەندییان بە خراپی خزمەتگوزاریە. پەیوەندییان بە نادادپەروەرییە لە نێوان شارێک بۆ شارێکی ترە. گلەییەکانیشمان گەیاندووە لەڕێی نووسراوێکەوە نەک لەمیدیا بڵاوی بکەینەوە بۆ موزایەدە کردن و چارەسەرەکانیشمان داڕشتووە لەپیناو پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەکانی هەرێمەکەمان، بەڵام لەبری ئەوەی دەستی چارەسەر درێژ بکەنەوە، یاخود سەرۆکی حکوومەت راستەوخۆ لێمان بپرسێت ئەرێ کێشەتان چیە؟ راگەیەندراوێکی لەو جۆرە بڵاو دەکاتەوە.

لەبارەی شه‌هیدکردنى عه‌قید هاوکار جاف سەرۆکی حکوومەت دەیەوێت به‌زۆری زۆردارى یه‌کێتیی و چه‌ند که‌سایه‌تییه‌ک له‌ناو یه‌کێتی تۆمه‌تبار بکات، بیریان چووه‌ له‌ سه‌ره‌تاى رووداوه‌که‌وه‌ ئه‌وه‌ یه‌کێتی بوو داواى لێکۆڵینه‌وه‌ى هاوبه‌شی کرد و داواشی کرد لایه‌نه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان به‌شداربن له‌ لێکۆڵینه‌وه‌کان، که‌چی ده‌زگا ئه‌منییه‌که‌ى سه‌رۆکى حکوومەت هه‌ر زوو سیناریۆکه‌ى خۆیان بڵاو کرده‌وه‌ و ده‌یانه‌وێ بیکه‌نه‌ ئه‌مری واقیع، تازه‌ به‌تازه‌ سه‌رۆکى حکوومەت قسه‌ى یه‌کێتی دووباره‌ ده‌کاته‌وه‌و ده‌ڵێ با لایه‌نى نێوده‌وڵه‌تى بێنه‌ ناو لێکۆڵینه‌وه‌کان، پاش چی! دواى ئه‌وه‌ى سیناریۆکانتان بڵاوکردۆته‌وه‌، و تەواوی بودجەی هێزێکی نیشتمانی قارەمانی وەک دژە تێرۆرتان بڕی، و هەوڵی بڕینی قووتی سەدان قارەمانی ئەم نیشتیمانەتان داوە، تازه‌ش بیرتان که‌وتۆته‌وه‌ که‌ ئه‌م رووداوه‌ له‌ جه‌رگه‌ى پایته‌ختى هه‌رێمى کوردستان ئه‌نجامدراوه‌، پێده‌چێت سه‌رۆکى حکوومەت ئاگاى لێ نه‌بێ یان نه‌یه‌وێت ئاگاى لێبێت هه‌ر له‌و جه‌رگه‌ى هەولێرە هێزێکى یاخى و له‌یاسا ده‌رچوو هەڕەشەی چوونه‌ سه‌ر ماڵی جێگری سه‌رۆکى حکوومەت کرد و هه‌ر له‌و جه‌رگه‌ى پایته‌خته‌ش رۆژنامه‌نووس و دەیان و سەدان کەسیش تیرۆر ده‌کرێ و تاوانبار داڵده‌ ده‌درێ و فه‌وجىشی بۆ ده‌کرێته‌وە.

ئینجا سه‌رۆکى حکوومەت له‌ راگه‌یه‌نراوه‌ پڕ له‌ چه‌واشه‌کارییه‌که‌ى ده‌ڵێت؛ یه‌کێتی به‌رپرسه‌ له‌و دۆخه‌ى له‌ سلێمانى، هه‌ڵه‌بجه‌، راپه‌ڕین و گه‌رمیان دروست بووه‌، چاوه‌ڕوان بووین سه‌رۆکى حکوومەت بڵێ بڕیارمدا به‌شێوه‌یه‌کى مه‌یدانى خۆم سه‌ردانى سلێمانى و ده‌ڤه‌ره‌که‌ بکه‌م و له‌ کێشه‌کان بکۆڵمه‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ وەک کاری هەمیشەیی تۆمەتی بەخشیوەتەوە، به‌م هه‌نگاوه‌شی سه‌لماندى کە نایەوێت سه‌رۆکى حکوومەتى هەموو هه‌رێمى کوردستان بێت و ‌ ده‌بێ خه‌ڵکى خۆڕاگرو خۆشه‌ویستى سلێمانى بپرسن: که‌ ئه‌و سه‌رۆک حکوومەته‌ له‌ماوه‌ى نزیکەی چوار ساڵدا چەند جار ‌هاتۆته‌ ئه‌و سنووره؟ هه‌ر جارێکیش هاتبێ بۆ قردێله‌ بڕینێک هاتووه‌و خێرا گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.. بەڵێ ئابڵوقە خراوەتە سەر سلێمانی، ئەی ئابڵوقە لای ئێوە چی ئەگەیەنێت؟ نەدانی شایستە داراییەکانی سلێمانی چی ناو دەنێن؟ دواکەوتنی مووچە لە سلێمانی و دابەشکردنی لەهەولێر چی ناو دەنێن؟ پیلانی کەمکردنەوەی داهاتی سلێمانی بۆ نانەوەی ئاژاوە نەبێت چیی پێدەڵێن؟ لەوەیان تەنها سیاسەتی چەوت کەڵکی نییە، ئێمە دەتوانین بەزمانی داتا و ژمارە پێتان بڵێین: بەڵێ بە پیلان ئابڵوقەتان خستۆتە سەر سلێمانی.

هەمووان دەزانن کێشه‌ى سه‌ره‌کى و گه‌وره‌ى کوردستان داهاتى نه‌وته‌ نه‌ک تەنها داهاتى ناوخۆ، ئه‌وه‌ سه‌رۆکى حکوومەت و سیاسەتە داراییەکەیەتی کە هەرێمەکەمانی کردۆته‌ قوربانى سیاسه‌تى ناڕوون و نا شه‌فافی داهاتى نه‌وت! له‌بری نیعمه‌ت، نه‌وتیان کردۆته‌ نه‌عله‌ت!

له‌ داهاتى ناوخۆش، ئه‌رێ بێ زه‌حمه‌ت پێمان بڵێن کێ ده‌زانێ داهاتى ئیبراهیم خه‌لیل چه‌نده‌؟ ئه‌و لیژنانه‌ى سه‌رۆکى حکوومەت باسیان ده‌کات بۆ ناچن کۆنتڕۆڵی داهاتى ئیبراهیم خه‌لیل و حاجى ئۆمه‌ران و خاڵه‌ سنوورییه‌کانى تر بکه‌ن؟

 کابینه‌ى نۆیه‌مى حکوومەتى هه‌رێمى کوردستان له‌ چوارچێوه‌ى رێککه‌وتنى سیاسی پێکهات، ئێمەی یەکێتی لە گفتۆگۆکانمان وتمان زیاتر لە کابینەکانی پێشوو دەبێت کار لەسەر نەهێشتنی ئاسەواری دوو ئیدارەیی بکەین، ئێمە ئەوکات کە ئەو داوایەمان هەبوو لەخەمی ئەوە بووین کە غەدر لە سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان نەکرێت، کە بەداخەوە وەک پێشبینیمان کرد، غەدرەکە کرا و بەسەروزیادەوە، ئەوەش یەکێک بووە لە نیگەرانییەکانمان لە خودی سەرۆک حکوومەت.

هه‌رزوو ئه‌م رێککه‌وتنەی حکوومەتی پێ پێکهێنرا شکێنرا، بەڵام هەر دانمان به‌خۆماندا گرت و گوتمان به‌ڵکو باشتر بن و ورده‌ ورده‌ فێربن کە حوکمڕانى بەو ‌ عه‌قڵیه‌تە ناکرێت!

لێره‌دا به‌ پێویستى ده‌زانین بڵێین؛

ئه‌گه‌ر سه‌رۆکى حکوومەت ئه‌وه‌نده‌ چاکسازى خوازه‌، چه‌ند ساڵه‌ بۆ پڕۆژە یاسای بودجه‌ نا نێرێتە‌ په‌رله‌مان؟ تیمى یه‌کێتی رێگربوون؟. بەڕێز سەرۆکی حکوومەت، لە جیاتی خۆ دزینەوە لە بەرپرسیارەتی کەرەستەی حکوومەت بخەرە گەڕ بۆ چارەسەرکردنی کێشه‌کانى سووته‌مه‌نى، کاره‌با، نه‌وتى سپی ماڵان، غاز، گرانى بازاڕ و دابین کردنی دەرمان بۆ هاوڵاتیان. ئاشکرایە کە داهاتی کوردستان بەشی تەواوی مووچە دەکات، دەبا وەک چۆن لەو نامەیەی کە بۆمان ناردویت نوسیبوومان؛ داهاتی کوردستان یەک بخە و مووچە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان وەک خەرجی سیادی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت دوور لە فەلسەفەی دوو ئیدارەیی تاکو هەموو هاوڵاتیانی کوردستان سودمەند بن.

له‌کۆتاییدا به‌وپه‌ڕی راشکاوییه‌وه‌ ده‌ڵێین:

یه‌کێتی هیچ کات له‌ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن نه‌ترساوه ‌و ئاماده‌ین بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنێکى پاک و بێگه‌رد، به‌ یاسایه‌کى هه‌موارکراو و لیستێکى پاکى تۆمارى ده‌نگده‌ران و زامنکردن و پاراستنى مافی پێکهاته ‌و نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌کانى هه‌رێمى کوردستان.

پێشمان وایه‌: راگه‌یه‌نراوه‌که‌ى سه‌رۆکى حکوومەت باشترین وه‌ڵامه‌ بۆ پرسیارى خه‌ڵکى کوردستان که‌ ده‌ڵێن؛ بۆ تیمى یه‌کێتیی ناچنه‌ کۆبوونه‌وەکانی ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران؟. بە داخەوە ئەم کابینەیە خراپترین کابینە بووە لە مێژووی حوکمڕانی کوردستان.

 

سەرۆک و تیمی وەزاری یەکێتی لە کابینەی نۆیەم