لە کۆی 18 خاڵ 14 خاڵی  ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و پارتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆی حکوومەتی هەرێم جێبەجێ نەکراوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانى كوردستان دەڵێت: "مەسروور بارزانی نەک لەگەڵ یەکێتی، بەڵکو لەگەڵ پەیامی کابینەکەی خۆیشی ڕاستگۆ نەبوو و حکوومەتێكی دوو ئیدارەیی زەقی دروست کردووە".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لوقمان وەردی جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان بە میدیای حزبەکەی ڕاگەیاندووە: "یەکێتی ‌و پارتی دوو هێزی سەرەکین ‌و مێژویەکی دوور و درێژی حوکمڕانیان لە هەرێم هەیە، لەڕووی ئەخلاقیەوە ئەم دوو هێزە هەر ڕێککەوتنێک بکەن دەبێت پابەندی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە بن ‌و وەک خۆی جێبەجێی بکەن".

ناوبراو وتیشی: "ئەو ڕێککەوتنەی لەنێوان ئێمە و پارتیدا واژۆ کرا لە ساڵی 2019 بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆی حکوومەتی هەرێم، لە کۆی 18 خاڵ 14 خاڵیان جێبەجێ نەکراون ‌و 2 خاڵیشیان کە پەیوەندیی بە حکومەتی فیدڕاڵیەوەیە جێبەجێ نەکراون، ئەوەی پێویست بووە ڕێکەوتنەکە جێبەجێ بکات بەدەرەجەی یەک سەرۆکی حکوومەت‌ و تیمە وەزاریەکەی بووە، چوونکە زۆرینەیەکی پەرلەمانیان هەبووە کە هەمیشە خۆیان ئاماژەى بۆ دەکەن".

لوقمان وەردی ده‌شڵێت: "ئەم کابینەیە لەگەڵ پەیامەکانی خۆشی کە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەکان هەڵیگرتبوو ڕاستگۆنەبوو، ئەم کابینەیە بانگەشەو داوای حکوومەتێکی بەهێزی نیشتیمانی دەکرد، بەڵام ئەم حکو مەتە نەک بەهێز نییە، بەڵکوو حکوومەتێکە بەراورد بە حکوومەتەکانی ڕابردوو بێهێزترین‌ و نەزۆکترین حکوومەتە و نەیتوانیوە ئیدارەیەکی ڕاست ‌و دروست لەگەڵ هاوبەشەکانی لەم کابینەیە بدات لەسەرووی هەمووشیانەوە یەکێتی نیشتیمانی کورستان بووە".

لەوبارەیەوە لوقمان وەردی زیاتری وت: "ئەم حکوومەتە کە بانگەشەی حکوومەتی سەرتاسەری دەکرد، بەداخەوە لە کابینەکەی مەسروور بارزانیدا دیاردەی دوو ئیدارەیی بەشێوازێک زەق بۆتەوە کە ئەگەر هاتوچۆ لەنێوان پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی بکەی لەنێوان بازگاکاندا بەتایبەت لە بازگە دێگەڵە و سماقوڵی، لە بازگەی نێوان دوو وڵات دەچێت، هاوڵاتی ئەوەندە بەدواداچوون‌ و لێکوڵێنەوە و لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت کە ڕەنگە سەردانی وڵاتانی دراوسێ بکەی ئەوەندە لێ کۆڵێنەوەت لێنەکرێت".

جێگرى سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كێتى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان ئەوەشی وت: "زانیاریم لایە لۆریەکی بارهەڵگر ئەگەر لە خاڵێکی سنووریدا ئەگەر لە حاجی ئۆمەران ‌و پەروێزخان ‌و ئیبراهیم خەلیل داخڵ بێت کەمتر لە کاتژمێرێک دەتوانێت لە خاکی وڵاتێکی دراوسێوە داخڵی هەرێمی کوردستان بێت، بەڵام بارهەڵگر هەبووە شەو و ڕۆژێک لە بازگەی سماقوڵی ماوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی پشکنینی بۆ دەکرێت ‌و بە نایاسایش باجی بەسەردا دەسەپێندرێت، کە ئەمە لە کابینەکانی تر نەبووە".

News Code 7581

Your Comment

You are replying to: .
captcha