ئه‌میندارى پێشووى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ هۆشداری دەدات لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئه‌میندارى پێشووى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ڕایگەیاند: هه‌ر پێشمه‌رگه‌ نا، به‌ڵکوو پێویسته‌ هێزه‌کانى پۆلیس ‌و ئاسایش ‌و دژه‌تیرۆریش له ‌هه‌رێمى کوردستان یه‌کبخرێت ‌و حزب‌ و گرووپ ‌و ده‌سته‌ هێزى نه‌مێنێت، چوونکه‌ هه‌میشه‌ مه‌ترسى شه‌ڕى ناوخۆ هه‌یه‌".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەریقی یەکەم جەبار یاوەر ئه‌میندارى پێشووى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ڕایگه‌یاند، ئەگەر حزبەکان ‌و حکوومەت بڕوایان بەوەیە بمانەوێت دەوڵەتداریی بکەین، ئەوە دەبێت هیچ هێزێکی چەکدار بەدەست هیچ حزبێکەوە نەبێت، بەڵکوو دەبێت هێزی نیشتمان بێت".

ناوبراو ده‌شڵێت: "بوونی هێزی چەکدار لەلایەن حزبی سیاسییەوە، مه‌ترسیه‌، چوونکه‌ لەهەر ململانێیەک لەنێوان حزبەکان، تووشی شەڕی ناوخۆ دەبینەوە و ئەو ئەزمونەی لەهەرێم هەیە نامێنێت، بۆیە ئەوە مەترسییەکی زۆر گەورەیە".

سه‌باره‌ت به‌هه‌وڵه‌کان بۆ یه‌کخستنى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ جه‌بار یاوه‌ر وتى: "ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تاى دامه‌زراندنى حکوومه‌تى هه‌رێم، له ‌ساڵى 1992 یه‌که‌م هه‌نگاو هه‌موو هێزى پێشمه‌رگه‌مان یه‌کخست که‌ هه‌ر یه‌کێتى‌ و پارتیش نه‌بوون، تاوه‌کوو ساڵى 1994 توانرا له‌شکرى کوردستان دروست بکرێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ شه‌ڕى نه‌گریسى ناوخۆ ئه‌وه‌ى هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌".

ئه‌وه‌شى وت: "له‌دواى یه‌کخستنى ئیداره‌کانى هه‌ولێر و سلێمانى دیسانه‌وه‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ له ‌چوارچێوه‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه ‌و له‌ ساڵى 2010وه‌ ده‌ستکرا به‌ یه‌کخستنى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌، به‌ڵام من ده‌ڵێم، یه‌کخستنى هێزه‌کان نا، به‌ڵکوو یه‌کخستنى بیروباوه‌ڕى هێزه‌کان گرنگه‌، لاى من ژماره‌ گرنگ نییه‌، ده‌بێت بڕوایان بگۆڕێت له‌وه‌ى که‌ ئه‌وان چه‌کدارى حزبن، ده‌بێت ئه‌وا بڵێن ئێمه‌ چه‌کدار و پارێزه‌رى وڵات ‌و هه‌رێمى کوردستانین، نه‌ک خۆیان به‌ چه‌کدارى عه‌شره‌تێک یان ده‌سته‌ یان گرووپێک بزانن".

به‌وته‌ى جه‌بار یاوه‌ر، "ته‌نها پێشمه‌رگه‌ مه‌رج نییه‌ یه‌کبگرێته‌وه‌، ئێمه‌ پۆلیسمان هه‌یه‌، ئاسایشمان هه‌یه‌، دژه‌تیرۆرمان هه‌یه‌، ئه‌مانه‌ش هه‌موویان هێزى چه‌کدارن، هه‌موو ئه‌وانه‌ش دابه‌ش بوون به‌سه‌ر هێزه‌ سیاسییه‌کان ‌و هه‌ڵگرى بیرى هێزى سیاسین، پێویسته‌ ئه‌وانه‌ش یه‌کبگرنه‌وه‌".

ناوبراو باس له‌وه‌ش ده‌کات، "ئەگەر حزبەکان ‌و حکوومەت بڕوایان بەوەیە بمانەوێت دەوڵەتداری بکەین، ئەوە نابێت هیچ هێزێکی چەکدار بەدەست هیچ حزبێکەوە بێت، بەڵکوو دەبێت هێزی نیشتمان بێت".