کۆمەڵی دادگەریی کوردستان له‌باره‌ى گرژییەکانی پارتی ‌و یەکێتی هاته‌ده‌نگ
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- کۆمەڵی دادگەریی کوردستان له‌باره‌ى گرژییەکانی پارتی ‌و یەکێتی هاته‌ده‌نگ ‌و له‌په‌یامێکدا بۆ ئەو دوو حزبە ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ڕاوچی خراپ نین تاوه‌کوو خوازیاری ئاوی لێڵ بین".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، به‌گوێره‌ى ڕاگه‌یه‌نراوێک به‌ناوى وتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌کراوه‌، "ئێمە لە کۆمەڵی دادگەریی بە نیگەرانییەوە دەڕوانینە گرژییەکانی نێوان یەکێتی ‌و پارتی کە پێکهێنەری سەرەکی حکوومەتن‌ و پێمانوایە ئەم گرژییە نا پێویستە، کۆمەڵێک دەرھاویشتە جێدەھێڵێت ‌و کاریگەری لەسەر بەڕێوەبردنی کاروباری ڕۆژانەی حکوومەت دەبێ".

وته‌بێژه‌که‌ى کۆمه‌ڵى دادگه‌رى باسى له‌وه‌ش کردووه‌، "بەمەش ھاوڵاتیان زەرەرمەند دەبن‌ و مەترسی ‌و دڵەڕاوکێیان زیاتر دەبێت ‌و کاریگەریی خراپ دەکاتەسەر جووڵەی بازاڕ، بەتایبەت لە سلێمانی ‌و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی ڕاپەڕین ‌و گەرمیان، کە لەبنەڕەتدا کۆمەڵێک کێشەی تر یەخەی ئەو سنوورانەی گرتووە".

ناوبراو جه‌خت ده‌کاته‌وه: "دۆخی نێوان ئەم دوو حزبە دەسەڵاتدارە دەبێتە ھۆکارێکی تر بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنەکان ‌و درێژەدان بە تەمەنی بەسەرچووی ھەرسێ دامەزراوەکان، ئەوەی جێی مەترسییە ئه‌وه‌یه‌، دۆخەکە سەربکێشێت بۆ ڕەسمیەتدان بەو دوو ئیدارەییەی کە لەواقیعدا ھەیە".

نیگه‌رانى کۆمه‌ڵى دادگه‌رى له‌و دۆخه‌ نیشاندراوه‌ و ئه‌وه‌ هاتووه‌، "ئێمە وێڕای بوونی ڕەخنەی جدی لەسەر کۆی پرۆسەی حکومڕانی ‌و ئەو هەموو گەندەڵی ‌و ناشەفافی‌ و ناعەدالەتیەی کە هەیە و ھەردوو حزب لێی بەرپرسن، بەڵام ڕاوچی خراپ نین تاکوو خوازیاری ئاوی لێڵ بین".

له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ ڕوونکردنه‌وه‌ ده‌دات ‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت: "هەربۆیە دەخوازین لەجێی وەڵامدانەوەی یەکدی‌ و ئەو دۆخە ئاڵۆزە بێزارکەرەی دروستتان کردووە، لە هەستیاری دۆخەکە تێبگەن‌ و پێکەوە کێشەکانتان بە قازانجی خەڵکی کوردستان چارەسەر بکەن ‌و لەبری ململانێی ناتەندروست، کار لەسەر زامن کردنی مووچەی فەرمانبەران ‌و ئیستیحقاقاتی هەرێم بکەن لە بوودجەی 2023ی عێراق".

له ‌کۆتاییشدا هاتووه‌، "لەبەرئەوەی پارتی زۆرترین بەرپرسیارێتی دامەزراوە فەرمییەکانی لایە، دەبێت بەرپرسانەتر مامەڵە بکات ‌و پەرۆشتربێت بۆ گەیشتن بەچارەسەر".