کونسوڵ و نوێنەری 10 وڵات ‌سەردانی سلێمانی دەکەن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- کونسوڵ‌ و نوێنەرانی 10 وڵاتى جیهان‌ و نوێنەری یەکێتیی ئەورووپا و نەتەوەیەکگرتووەکانیش چوونەتە سلێمانی‌ و ژماره‌یه‌ک دیدار و چالاکی ئەنجام دەدەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کونسوڵ ‌و نوێنەری 10 وڵات کە ئەمریکا، بەریتانیا، ئیتاڵیا و ئەڵمانیای تێدایە و کەسی یەکەمی سەرجەم کونسوڵخانەکان‌ و نوێنەری یۆنامی ‌و یەکێتیی ئەورووپا هاوڕێیەتیان دەکەن هاتوونەتە شاری سلێمانی‌ و پلانی ئەنجامدانی ژمارەیەک کۆبوونەوە و دیداری سیاسی ‌و ئابووری ‌و بازرگانیان هەیە.

کونسوڵ ‌و نوێنەری 10 وڵات لە زانکۆی ئەمریکی شاری سلێمانی بەشداریی گفتوگۆیەکی تایبەت بە پەرەدان بە شاری سلێمانی دەبن لە بوارەکانی بازرگانی ‌و ئابووریدا و بۆ ئێوارەی ئەمڕۆش لە یەکێک لە هۆتێلەکانی شاری سلێمانی لەگەڵ ژوورە بازرگانیه‌کانى سلێمانی ‌و هەڵەبجە کۆبوونەوەیان دەبێت.

زانیارییه‌کان باس له‌وه‌ش ده‌که‌ن، بڕیار وایە بەشێک لە کونسوڵخانەکان لە ڕۆژانی داهاتوودا لە هەڵەبجە و ڕاپەڕین ژمارەیەک چالاکی ئەنجام بدەن.

بڕیارە لەسەردانەکەیاندا بۆ شاری سلێمانی، کونسوڵی ئەو وڵاتانە لەگەڵ بەرپرسانی ئیداریی ‌و سیاسی سلێمانی کۆ ببنەوە و لەبارەی چەند بابەتێکەوە گفتوگۆ بکەن کە خۆی لەئازادی ڕادەربڕین‌و مافی مرۆڤ‌و ئازادیی کاری سیاسیدا دەبینێته‌وه‌.

هاتنی کونسوڵ‌ و نێردەی دیبلۆماسی وڵاتان بۆ شاری سلێمانی بەو شێوە چڕە و بەیەکەوە، بۆ هەرێمی کوردستان پێشهاتێکی نوێیە و هاوکاتە لەگەڵ ئەو جموجوڵە دیبلۆماسیانەی لە هەرێمی کوردستان ‌و عێراق بەڕێوەدەچن.

هەریەکە لە کونسوڵ ‌و کەسی یەکەمی وڵاتەکانی (ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، کەنەدا، هۆڵەندا، فەرەنسا، کۆریای باشوور و یۆنان) لەڕیزی ئەو کونسوڵانەدان کە لەشاری سلێمانین ‌و بڕیاروایە چوار ڕۆژ بمێننەوە و ژمارەیەک دیداری فراوان ئەنجام بدەن.

News Code 7589

Your Comment

You are replying to: .
captcha