مەسروور بارزانی و سەرۆک کۆماری عێراق لە داڤۆس کۆ بوونەوە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لە داڤۆس لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق کۆ بووەوە و باسیان لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رۆژی سێشەممە 17ـی کانوونی دووەمی 2023، مەسروور بارزانى، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لە داڤۆس له‌گه‌ڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق کۆ بووەوە، لە کۆڕبەندەکەدا 52 سەرۆکی وڵات و سەرۆکوەزیران و 600 گەورە بازرگانی جیهانی بەشدارن و پێشهاتە ئابووری و سیاسییەکانی جیهان تاوتوێ دەکەن.

بەگوێرەی راگەیەندراوی حکوومەتی هەرێم، لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی گشتیی عێراق و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ بەپێی دەستوور و کارکردن لە پێناو باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزارییەکان لە عێراق تاوتوێ کرا.

کۆڕبەندەی داڤۆس بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت و سەرووی 250 پانێڵ بەڕێوەدەچن. لە کۆبوونەوەی مەسروور بارزانى و لەتیف رەشید، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ئامادەبوو.