شاندێکی پیشەسازی و بازرگانیی بەحرەین سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عادل فەخرۆ، وەزیری پیشەسازی و بازرگانی بەحرەین کۆ بوونەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە کۆبوونەوەی سەرۆکی حکوومەت و وەزیری بازرگانی بەحرەین، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی بەحرەین باسیان لێوەکرا، بەتایبەتی لە بوارەکانی برەودان بە وەبەرهێنان و پیشەسازی و کشتوکاڵ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی.

مەسروور بارزانی راشیگەیاند، وەزیری پیشەسازی و بازرگانی بەحرەین، سڵاووڕێزی جێنشین و سەرۆک وەزیرانی بەحرەین شێخ سەلمان بن حەمەد ئال خەلیفەی پێگەیاندین و خواستی وڵاتەکەشی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.

وەزیری پیشەسازی و بازرگانی بەحرەین ئاماژەی بەوەش دا، کە بڕیارە لەگەڵ شاندێکی گەورەی بازرگانی سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.

هەروەها لەو دیدارەدا، مەسروور بارزانی ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ شانشینی بەحرەین لە هەموو بوارەکاندا دەربڕی.