حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێویستە ھی خەڵک بێت نەک حیزب

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ ناکۆکیەکانی هەرێم لەسەر دەسەڵات و داھاتە نەک بەرژەوەندیی خەڵک.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی، عومەر سەید عەلی، لەگەڵ رەوزی کەیڤ، کونسوڵی گشتیی نوێی بەریتانیا لە هەرێم کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا بزووتنەوەی گۆڕان جەختی کردەوە لەسەر رێکەوتنی ھەرێم و بەغداد لەسەر بنەمای دەستوور بۆ پرسی بوودجە، کەرکووک و ناوچەکانی دیکە، هەروەها یاسای نەوت و غاز دادگایی فیدراڵی.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ھەرێمی کوردستان ناکۆکیەکان لەسەر دەسەڵات و داھاتە نەک بەرژەوەندیی خەڵک، هەروەها دووپاتی کردەوە کە پارستنی ھەرێمی کوردستان بە رێزگرتن لە دیموکراسی و ئازادی رۆژنامەوانی و شەفافیەت و دادپەروەری دەبێت کە ئێستا بە بەفراوانی پێشێل دەکرێن.

لەبارەی پرسی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە، بۆچوونی گۆڕان ئەوەیە کە ھەر کات بکرێت ئەوان ئامادەن و تەنیا پێویستی بە ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و کاراکردنەوەی پەرلەمان ھەیە.

بزووتنەوەی گۆڕان جەختی کردەوە کە پێویستە بەریتانیا و ھاوپەیمانان کە پشتیوانی ھێزی پێشمەرگە دەکەن بە راھێنان و ھاوکاری لۆجستی و دارایی، یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە بکەن بە مەرج و فشار بکەن.

جگە لەوەش بە پێویستیان زانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھی خەڵک بێت نەک حیزب، چارەسەری قەیرانەکان بە جیاکردنەوەی حیزب و حکوومەت دەکرێت و دەبێت حیزب دەست وەردان لە کاروباری حکومەت و بازاڕ نەکات و دەبێت یەک ھێزی پێشمەرگە و یەک وەزارەتی دارایی ھەبێت و داھات بە شەفافی و دادپەروەری دابەش بکرێت.

لای خۆیشیەوە کونسوڵی گشتی بەریتانیا رایگەیاند کە نیگەرانییەکانی خۆیان بە پارتە سیاسیەکان گەیاندوە و دەیانەوێت حکوومەتێکی یەکگرتوو ببینن.

News Code 7592

Your Comment

You are replying to: .
captcha