پارتی دیموکرات بە بەرپرسیاری یەکەمی دۆخی هەرێمی کوردستان دەزانین
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان بەرپرسیاری یەکەمی دۆخی هەرێمە پاشان یەکێتی نیشتیمانی کوردستان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەلی باپیر ئەمڕۆ هەینی بەشداری لە کۆنگرەی هەشتەمی ئەنجومەنی مامۆستایانی پێشەنگ کرد و لە وتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لەئێستادا هەرێمی کوردستان لە زۆر ڕووەوە لە دۆخێکی خراپدا دەژی و کێشەکانی خەڵک زیاتربوون، بەجۆرێک "وڵاتەکەمان پڕە لە نەوت و غاز کەچی خەڵک نەوتی دەستناکەوێت، بۆیە لە بری حکوومەت رێکخراوە خێرخوازییەکان نەوت دابەش دەکەن".


ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، "دۆخی حکومڕانی لە کوردستان جێگەی بەزەییە چوونکە پێوەری حزبی بوون لەجێگەی هاوڵاتی بوون کاری پێدەکرێت و خەڵکی بەتوانا لە شوێنی شایستە دانانرێت، هەروەها لە هەرێمی کوردستان بایەخ بە کەرتی پەروەردە و فێرکردن نەدراوە و ئەوەش وایکردوە پرۆسەی پەروەردە بەرەو دواوە گەڕاوەتەوە".

سەرۆکی کۆمەڵ لەبارەی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتیش وتی، ئەوان پارتی دیموکراتی کوردستان بە بەرپرسیاری دۆخی یەکەمی هەرێم دەزانن چوونکە ئەو حزبە لە بەغدا و شوێنەکانی دیکەش خۆی وەک نوێنەری کورد دەناسێنێت و لە هەرێمیش زۆرینەی دامەزراوەکانی حکومڕانی لەبەردەستە، پاشان بەرپرسیاریەتی بەپلەی دووەم بەر یەکێتی دەکەوێت، لە هەموو دۆخێکیشدا ئەوان داوا دەکەن ناکۆکییەکان بەلاوە بنرێن و دان بە هەڵەکاندا بنرێت، کۆمەڵیش ئامادەیە بۆ ئاشتەوایی لەناوخۆی هەرێمی کوردستاندا رۆڵی خۆی بگێڕێت و نێوەندگیر بێت.