لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستانەوە، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی پەیامێکی بڵاو کردەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاندووە دۆخی ئەمڕۆی هەرێم نەخوازراوە و سیاسەت بەمشێوەیە خزمەت بە هیچ کەسێک ناکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان له‌ په‌یامێكدا رایگه‌یاند: "لە ماوەی رابردوودا بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەكانەوە هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی سیاسی و ئابووریی ئاڵۆزدا تێپەڕی و کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکە خۆشەویستەکەمان بەجێهێشت، ئەمەش خواستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەبووە و هەرگیز ئەو خەڵکە تێکۆشەر و خۆڕاگرەمان بە شایستەی نائومێدبوون لە دۆخەکە و دروستکردنی دودڵی لەناویاندا نەزانیوە".

تاڵەبانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، "ئێمە لەپێناو ژیانی خەڵک و پاراستنی هەرێمەکەمان دەمانەوێت هەنگاوی دیبلۆماسی و بونیادنەرانە بنێین و سیاسەت ئامڕازێک بێت بۆ خزمەتکردنی خەڵک نەوەک ترازان و دورکەوتنەوە، ئاشكراشە بژاردەی سەرەكی ئێمە هەمیشە تەبایی و یەكڕیزی بوە و بەهەموشێوەیەک دژی ناكۆكی و دوبەرەكی وەستاوینەتەوە".

بافڵ تاڵەبانی له‌ په‌یامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت، "یەكێتی دەیەوێت لەپێناو گوزەرانی خەڵک و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە، دۆخەکە بەرەو ئارامی و ئاشتەوایی ببات، سیاسەت بۆ ئێمە بریتیبوە لە بەهێزیی کورد و سەربەرزی خەڵکەکەی، لەم رێڕەوە مێژوییە لانادەین و درێژەی پێدەدەین، دەرگامان بۆ هەمو هێز و لایەنێك كراوەیە كە دەیەوێت بە رۆحێكی كوردانە و دور لە بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتی كار بۆ چارەسەركردنی بنچینەیی كێشەكان بكات و خزمەتی هاوڵاتییان بكات بەبێ جیاوازی".

ناوبراو باسی له‌وه‌ش كردووه‌، "دەبێت هەموومان ئەو راستییە بزانین کوردستان ئەو کاتە بەهێزترە کە متمانە لەنێوان هێزە سیاسییەكاندا هەبێت و پێكەوە لەپێناو كوردستان و خەڵكەكەی خەبات بكەین، پێویستە تێبگەین سیاسەت بە عینادی و ناوزڕاندن ناکرێت و بەرپرسیارێتی گەورەمان بەرامبەر خاک و خەڵکەکەمان لەسەر شانە، دۆخی ئەمڕۆی هەرێم نەخوازراوە و سیاسەت بەمشێوەیە خزمەت بە هیچ کەسێک ناکات، خەڵک، هێزە سیاسییەکان و كەسایەتییە سیاسی، ئایینی، كۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەكانیش داوای چارەسەرکردنی کێشەکان و زاڵبوون بەسەر بەربەستەکانمان لێدەکەن، دروستكردنی پشێوی و هەڵای میدیایی هەرگیز هۆكارێک نەبوە بۆ دڵخۆشكردنی خەڵك، بەڵكوو ئامڕازێک بوە بۆ نائومێدكردنیان لە كۆی هێزە سیاسییەكان و پرۆسەی حوكمڕانی لە وڵاتدا".

News Code 7597

Your Comment

You are replying to: .
captcha