پێویستە هەر سێ هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن بۆ مسۆگەر کردنی ئاسایشی هەڵبژاردنەکان کار بکەن
بەشی تورکیا- هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان داوای لە پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی تورکیا کردووە لەپێناو پاراستنی ئاسایشی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەو وڵاتە کاری بەیەکەوەیی بکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە توویتەکەی سەلاحەدین دەمیرتاشدا هاتووە: ئاسایشی هەڵبژاردن لە ئەمڕۆوە دەست پێدەکات و تا مەراسیمی سوێندخواردن بەردەوام دەبێت، پێویستە هەر سێ هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن دەست بە کارکردن بکەن بۆ ئەوەی ئاسایشی هەڵبژاردنەکان مسۆگەر بکەن. ئەوە دەکەوێتە سەر پارتی گەلی کۆماریخواز کە سەرکردایەتی ئەم کارە بکات.

لەوەڵامی لێدوانێکی پێشووتری سلێمان سۆیڵوی وەزیری ناوخۆی تورکیا کە وتبووی "ئاسایشی هەڵبژاردنەکان ئەمانەتێکە لای ئێمە" دەمیرتاش دەڵێت: هەرئەمە وایکردووە ئەو بابەتە سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان گرنگترین بابەت بێت، دەبێت هەموو بکەرە سیاسییەکان مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسەدا بکەن و نابێت ئاسایشی هەڵبژاردنەکان بۆئەوان لێبگەڕێین".

لەماوەی رابردوودا کەمال کڵیچدار ئۆغڵووی سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) راگەیاندبوو، ئەگەر بێت و لەماوەی هەڵبژاردنەکاندا رووداوی ئەمنیی ڕووبدەن، ئەوە کۆمپانیای ئەمنیی "سادات" کە سەر بە پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدارە، بەرپرسە لە ڕێکخستنی.