مەسروور بارزانی و برێت مەکگورک کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕالی عێراقیان تاوتوێ کرد

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە برێت مەکگورک هاوئاهەنگکاری کۆشکی سپی بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئه‌فریقیا‌ ‌پێگەیشت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تەلەفزیۆنی کوردستان TV بڵاوی کردەوە لە پەیوەندییەکەدا، برێت مەکگورک تیشکی خستە سه‌ر سەردانی ئەم دواییەی بۆ بەغدا و هەولێر و گفتوگۆکانی سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕال لەسەر بودجە و پرسەکانی دیکە، هەروەها جەختی لە گرینگی یەکڕیزی لایەنە کوردستانییەکان و باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردەوە.

لە پەیوەندییەکەدا هەروەها بڕیاری ئەم دواییەی دادگه‌ی باڵای فیدڕالی تایبەت بە ڕێگری کردن لە ناردنی ئەو بڕە پارەیەی کە بڕیار بوو لەلایەن حکوومەتی فیدڕالەوە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت تاوتوێ کرا.

سەرۆکی حکوومەت نیگەرانی خۆی لە دەرچوونی بڕیارەکە دەربڕی کە ئامانجی تێکدانی کەشی ئەرێنی و باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە و مەبەستێکی سیاسی لە پشتە.

هاوئاهەنگکاری کۆشکی سپی بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئه‌فریقیا پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم بەتایبەتی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، هەروەها پێشکەوتنەکانی کەرتی وزە و باشترکردنی ژێرخانی ئابووری و هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا دووپات کردەوە.

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرینگی نەهێشتنی هەموو بەربەستەکانی بەردەم گەشەپێدانی کەرتی وزە و وەبەرهێنانی زیاتری کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە هەرێمی کوردستان، هەروەها هاوڕابوون لە سەر ئەوەی لە پەیوەندی بەردەوامدا بن.

News Code 7622

Your Comment

You are replying to: .
captcha