20 بەندکراوی داعش پاش بوومەلەرزەکەی عەفرین هەڵاتن

بەشی جیهان- لانیکەم 20 بەندکراوی داعش لە گرتووخانەیەکی  عەفرین لە کوردستانی سووریا لەدوای بوومەلەرزەکەی دوێنێ رایانکردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، لە گرتووخانەیەکی شارۆچکەی راجۆی سەر بە هەرێمی عەفرین لە کوردستانی سووریا لانیکەم 20 بەندکراو هەڵاتوون.

گرتووخانەکە نزیکەی 2,000 بەندکراو لەخۆدەگرێت، بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان نزیکەی 1,300 کەس لەو بەندکراوانە ئەندام و چەکداری پێشووی داعشن.

بەرپرسێک لە گرتووخانەی راجۆ بە فرانس پرێسی رایگەیاندووە: "لەدوای بوومەلەرزەکە، راجۆ کەوتە بەر کاریگەرییەکەی و بەندکراوان دەستیان بە یاخیبوون کرد و چەند بەشێکی گرتووخانەکەیان کۆنتڕۆڵ کرد".

ئەو بەرپرسە گوتیشی "نزیکەی 20 بەندکراو هەڵاتوون کە وا بڕوادەکرێت چەکداری داعش بن".

گرتووخانەی راجۆ بە ''زیندانی رەش'' دەناسرێت، تەواوی شارۆچکەکەش لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا بەڕێوەدەبرێت.

بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، بەڕێوبەرایەتیی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا (ئافاد) بڵاویکردەوە، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلەی رێختەر روویدا کە چەقەکەی شاری مەرەشی کوردستانی تورکیایە.

News Code 7664

Your Comment

You are replying to: .
captcha