ژنەراڵ مەزڵووم کۆبانێ وەڵامی وتە نەشیاوەکانی ئاڵدار خەلیل بداتەوە

بەشی سووریا- ئەندامێکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا لە لێدوانێکدا بە کوردپرێسی وت وتەکانی ئاڵدار خەلیل دژی پێشمەرگەی ڕۆژ نەک هەر دژی بەرژەوەندییەکانی کورد بوو بەڵکوو چوارچێوەی یەکڕیزیی نێوان کوردەکانیش دەپێکێت.

کوردپرێس:

قەدری جان ئەندامی لیژنەی هەرێمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا کە یەکێکە لە ئەندامانی لیژنەی نوێنەرایەتیی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا (ENKS) لە قامیشلۆ وەڵامی چەند پرسیارێکی هەواڵنێری کوردپرێسی داوەتەوە و لەبارەی ململانێی نێوان ئەنەکەسە و پارتی یەکێتیی دیموکراتی لە سەر پێشمەرگەی ڕۆژ و شوێندانەریی ئەو بابەتە لە سەر دانوستانی نێوان لایەنەکان بە کوردپرێسی وت: لێدوانەکانی چەند ڕۆژ لەوەو پێشی ئاڵدار خەلیل ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پەیەدە لەبارەی لەشکر ڕۆژەوە جێی داخە و هەرگیز یارمەتیدەری گفتوگۆی کوردی-کوردی نابێت.

ناوبراو گوتیشی ئەو لێدوانانە نەک هەر دژی بەرژەوەندیی کورد بوو بەڵکوو چوارچێوەی دەلاقەی یەکڕیزیی کوردیشی پێکاوە.

قەدری جان زیادی کرد: ئەنجومەنی نیشتمانی لەو بارەیەوە بەیانێکی دەرکرد و لەو بەیاننامەیەدا ئیدانەی وتەکانی ئاڵدار خەلیلی کرد و ئەو وتانەی دژی یەکڕیزیی نێوان کوردەکان زانی.

ئەو ئەندامەی ئەنەکەسە لەبارەی چارەنووسی دانوستانەکان پاش ئەو لێدوانە بە کوردپرێسی وت: ئێمە وەک ئەنەکەسە بەردەوام جەختمان کردۆتە سەر یەکڕیزیی کورد و ئامادەین بۆ بەرژەوەندیی کورد کار بکەین و هەرگیز خۆمان لە دیالۆگ دوور ناگرین.

ناوبراو ئاشکراشی کرد: دانوستانی کوردی- کوردی بە هۆی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکاوە وەستاوە و ئێمە هیوادارین بیستی مانگ پاش دەست بەکاربوونی ئیدارەی بایدەن گفتوگۆکان دەست پێبکەنەوە.

قەدری جان ئەوەشی بیر هێنایەوە کە پێویستە ژنەراڵ مەزڵووم کۆبانێ وەڵامی وتە نەشیاوەکانی ئاڵدار خەلیل بداتەوە لەبەر ئەوەی ئەو وتانە خزمەت بە دۆزی کورد و یەکڕیزیی کوردەکانی سووریا ناکات.

شایانی باسە ئاڵدار خەلیل ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پەیەدە پێش چەند ڕۆژ لە وتەیێکدا پێشمەرگەی ڕۆژی بە "بەکرێگیراو و دارەدەستی تورکیا و لایەنی موعارەزەی سووریا" وەسف کردبوو ئەوەش لە کاتێکدا لەشکری ڕۆژ لە ژێر فەرمانی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریایە.

News Code 773

Your Comment

You are replying to: .
captcha