لەمپەرەکانی جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنی شەنگال و زەروورەتی بەشداری پێکردنی ئێزدییەکان لەو ڕێککەوتنە
بەشی جیهان- پەیمانگای لۆفیر لە بابەتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە کۆمەڵگەی هەرێمیی شەنگال بەشداریی نەبووە لە واژۆ کردنی ڕێککەوتنی شەنگال و جێبەجێ کردنی ئەو ڕێککەوتنە؛ هەر بۆیەش پەیمانگاکە جەخت دەکاتە سەر زەروورەتی پێداچوونە بە ڕێککەوتنەکە و بەشداری پێکردنی کۆمەڵگە هەرێمییەکانی شەنگال لەو ڕێککەوتنە کە ئەوەش دەبێت زامنی جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنەکە.

کوردپرێس:

دەوڵەتی ناوەندیی عێراق و هحکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 9ی ئەکتەوبری 2020 ڕایانگەیاند لە سەر شەنگال بۆ نۆژەنکردنەوە و ئاسایی کردنەوەی ئەو ناوچە ئێزدی نشینە گەشتوونەتە ڕێککەوتن.

سەرباری ئەوەی بەغدا و پارتی چەندین جار جەختیان کردۆتە سەر نەخشەڕێگای جۆربەجۆر بۆ جێبەجێ کردن ڕێککەوتنی شەنگال بەڵام تا ئەم کاتەش ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە و بە وتەی پەیمانگای لۆفیر تا ئەو کاتەی چاکسازی لە ڕێککەوتنەکە نەکرێت جێبەجێ کردنی بەتەواوەتیی ئەو ڕێککەوتنە دەست نادات.

ئەو پەیمانگایە لەبارەی گرینگیی پێگەی جوگرافیی شەنگال نووسیویەتی: ناوچەی ئێزدینشینی شەنگال لە پارێزگای نەینەوا بەشێکە لە ناوچەی جێناکۆکی نێوان کوردەکان و دەوڵەتی ناوەندیی عێراق لە باکووری خۆرئاواوە دەلکێت بە حەسەکەی سووریاوە و سنوورەکانی بەری خۆرهەڵاتی ئەو پارێزگایەی سووریا، لە باکووریشەوە سنووری هاوبەشی لەگەڵ پارێزگای شرناخی تورکیا هەیە. یەک لە تەوەرە گرینگەکان لەبارەی شەنگالەوە ئەوەیە چەندین ساڵە موناقەشە لە نێوان هەولێر و بەغدا لە سەر ئیدارەدانی ئەو ناوچەیە بەردەوامە.

پەیمانگای لۆفیر لەبارەی شوێندانەریی ڕێککەوتنی شەنگال نووسیی: ئەو ڕێککەوتنە ڕەنگە ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغدا کەم بکاتەوە بەڵام داواکاریی کۆمەڵگە هەرێمییەکان بۆ چارەکردنی کێشەکە لە ڕێگای سیاسییەوە ڕەچاو نەکراوە.

لۆفیر جەختیشی کردۆتەوە کە تا ئەو کاتەی کۆمەڵگەی کەمینە لە شەنگال لە تەنیشت دەوڵەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک لایەنی خاوەن بەرژەوەندی ڕەچاو نەکرێت دانوستانی تاکلایەنە لە سەرەوە پەرەی زیاتر بە ناکۆککیەکان لە سەر ناوچەیێکی ناسەقامگیری عێراق دەدات.

ئەو پەیمانگایە خاڵێک بە نموونە دەهێنێتەوە کە بۆتە هۆی سڕکردنی ڕێککەوتنی شەنگال ئەوەش بەشداری پێنەکردنی نوێنەرانی ڕاستەقینەی پێکهاتەی ئێزدی لە دانوستانەکان بۆ ئیدارەدانی ئەو ناوچەیە. هەروەها دامەزراوە خۆجێییەکانی شەنگالیش لە جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنەکەدا بەشدارییان پێنەکراوە. هەر بۆیەش دانوستان لە سەر ئاسایی کردنەوەی ناوچەی شەنگال تەنها لە نێوان نوخبە سیاسییەکانی هەولێر و بەغدا کراوە. خاڵی دووهەم ئەوەیە کە کۆمەڵگەی خۆجێیی ئێزدییەکان لە قۆناغی جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنەکەدا پەراوێز خراون. بۆ نموونە مافی ناساندنی پاڵێوراویان بۆ قایمقامێتیی قەزاکە نیە و هەروەها هێزی چەکداری جێگیربوو لە شەنگال کە زۆرینەیان ئێزدین مافی ئەوەیان نیە وەک هێزی ئەمنی بەشداری بکەن و لە ئەنجامدا مافی ئەوە بە کۆمەڵگەی خۆجێیی ئێزدی نەدراوە کە لە نۆژەنکردنەوەی ناوچەکە بەشداری بکات.

کۆمپانیای لۆفیر باسی ئەوەشی کردووە کە ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا لە بارەی شەنگالەوە بە نێوەندگیری و واژۆکاریی نوێنەرانێک لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ناوەندیی عێراق و چەند دییپڵۆماتێکی تورکیا واژۆ کراوە و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکا پشتگیریی ڕێککەوتنەکەیان کرد و گەشبینیی خۆیان بەرامبەر جێبەجێ کردنی ڕاگەیاند. ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئێزدییە خۆجێییەکان بەشدارییان پێنەکراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە یەک لەو خاڵانەی ڕێککەوتنەکە سڕ دەکات ئەوەیە کە باسی یەکخستنی هێزە جۆربەجۆرەکانی نێو شەنگال نەکراوە. بەو پێیەش لە ئێستادا چوار هێزی ئێزدی لەو ناوچەیە بوونیان هەیە. هێزەکانی بەرخۆدانی شەنگال نزیکەی 2500 هێزن. هێزەکانی پێشمەرگەی ئێزدی نزیکەی 7000 هێزن، هێزەکانی ئێزدخان نزیکەی 3000 هێز و هێزە ئێزدییەکانی سەر بە حەشدی شەعبییش 1500 بۆ 2000 هێزن. بەڵام بە گوێرەی نووسراوی لۆفیر نیگەرانیی سەرەکی لەبارەی شەنگالەوە ئەوەیە کە چی بە سەر ئەو هێزانە دێت؟ دەبێت ئەو هێزانە چییان لێ بکرێت و چۆن تێکەڵ بە هێزە ئەمنییەکانی فیدراڵی عێراق دەبن کە بڕیارە ببنە جێگرەوەی ئەو هێزانە لە شەنگال؟

هادی پیر یەکێکە لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی ناسراو بە یەزدا و پەری ئیبراهیم ئەندامی ڕێکخراوی ئێزدییە ئازادەکانە و هەردووکیان جەختیان کردۆتەوە کە لە ڕێککەوتنی شەنگالدا ڕێوشوێنی پێویست بۆ بەشداری پێکردنی ئێزدییەکان نەگیراوەتە بەر بۆ نموونە ناتوانن پاڵێوراوی قایمقامێتی بناسێنن یان خود باسی چەکداماڵین و تێکەڵکردنی هێزەکانی ئەو ناوچەیە و داڕشتنی نەخشەڕێگایێکی ستراتێژییانە بۆ نۆژەنکردنەوەی ناوچەکە کۆمەڵێک تەوەری دیکەن.

لۆفیر هەروەها باسی چەند لەمپەری دیکەی جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنی شەنگال دەکات و دەڵێت تاکە ڕێگا بۆ بەئەنجام گەیشتنی ڕێککەوتنەکە ئەوەیە هەولێر و بەغدا بەو ڕێککەوتنەدا بچنەوە. پەیمانگاکە جەختیشی کردۆتەوە کە نوخبە سیاسییەکانی هەولێر و بەغدا پێویستە بۆچوونی کۆمەڵگە خۆجێییەکانی شەنگال لە ڕێککەوتنەکەدا ڕەچاو بکەن و ئەو کۆمەڵگەیەش لە یەکخستنی هێزە ئەمنییە خۆجێییەکان و نۆژەنکردنەوەی ناوچە وێرانەکانی دەستی داعش بەشداریی پێبکرێت.