نوێنەرانی کوردی پەرلەمانی ئێران داوا لە ڕێبەری باڵا دەکەن لە سەر سووکایەتی کردن بە کورد بێتە سەر خەت

بەشی ئێران- پاش سووکایەتی کردن بە جلی کوردی لە تەلەڤزیۆنی فەرمی کۆمەڵێک نوێنەری کوردی پەرلەمانی ئێران لە نامەیێکدا داوایان لە ڕێبەری باڵای ئێران کرد لەبارەی کۆتاییهێنان بەو سووکایەتی کردنانە فەرمانێک دەربکات.

کوردپرێس:

ڕۆژی دووشەمە 29ی بەفرانباری 1399 بەرامبەر بە 18ی کانوونی دووهەمی 2021 نوێنەرانی کوردی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێران لەبارەی سووکایەتی کردن بە زمان و فەرهەنگ و جلی کوردی کە لە میدیای فەرمیی ئێران چەندین جار ڕووی داوە نامەیێکیان بۆ ڕێبەری باڵای ئێران نووسی.

لە نامەکەی نوێنەرانی کوردی پەرلەمانی ئێران بۆ ڕێبەری باڵای ئێران داوا لە ئایەتوڵڵا خامنەیی کراوە بێتە سەر خەت و "فەرمانێکی حەکیمانە" لەو بارەیەوە دەربکات بۆ ئەوەی کەس مافی ئەوە بە خۆی نەدات لە تەلەڤزیۆن و میدیای فەرمییەوە بەو شێوەیە سووکایەتی بە ئتنیکەکان و فەرهەنگ و زمان و جلوبەرگیان بکات.

نوێنەرانی کوردی پەرلەمانی ئێران ئاماژەیان بەوە کردووە کە مەسەلەی سووکایەتی کردن بە کورد و فەرهەنگ و زمان و جلی کوردی چەندین جار لە میدیا ئێرانییەکان ڕووی داوە و پێویستە ڕێبەری باڵای ئێران لەو بارەیەوە هەڵوێست وەربگرێت.

شایانی باسە پێش دوو ڕۆژ لە کەناڵی دووی تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران لە بەرنامەیێکدا کە نوخبەیێکی کورد بە جلی کوردییەوە بەشداریی بەرنامەکەی کردبوو پێشکەشکاری ئەو بەرنامەیە بە نوخبە کوردە دەڵێت "ئەم جلە شوانییە چیە لە بەرت کردووە؟" ئەوەش کاردانەوەی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە دوای خۆیدا هێنا.

News Code 779

Your Comment

You are replying to: .
captcha