پارتی پشتگیریی دانوستانی کوردەکانی سووریا بکات

بەشی سووریا- نوێنەری ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا لە هەولێر لە لێدوانێکدا بە کوردپرێسی وت: ئیدارەی خۆسەر بە یەک کەس ئیدارە ناکرێت بەڵکوو چەندین حیزبی جیاواز تێیدا دەور دەبینن.

کوردپرێس:

ئالان سەلیفی نوێنەری ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا لە هەولێر لەبارەی شەڕەقسەی ئەم دوایییەی نێوان پەیەدە و ئەنەکەسە لە سەر هێزەکانی پێشمەرگەی ڕۆژ و وەزعی ئێستای نێوان لایەنە کوردییەکانی سووریا بە کوردپرێسی وت: ئیدارەی خۆسەر بە یەک حیزب ئیدارە ناکرێت و چەندین حیزب و لایەنی جیاجیا تێیدا بەشدارن.

ناوبراو گوتیشی: نەک هەر کوردەکان بەڵکوو پێکهاتەکانی تریش لە ئیدارەی ناوچەکە بەشدارییان پێکراوە و لە ئیدارەدانی سیستەمی ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا دەور دەبینن.

ئالان سەلیفی زیادیشی کرد: لە ئێستادا ئێمە داوا لە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق دەکەین کە وەک پارتێکی کۆن و ڕەسەن و خاوەن دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان پشتگیریی دانوستانی کوردی-کوردی بکات.

ناوبراو ئاشکراشی کرد: پێویستە بۆ پێشخستنی ئامانجی خەڵکی کورد لە سووریا هەموو لایەنە کوردییەکان پشتگیریی دانوستانە کوردییەکان بکەن.

نوێنەری ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا لە هەولێر پێشتر لەبارەی چارەنووسی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر عەین عیسا بە کوردپرێسی وتبوو هێرشی فراوان و توند دژی کوردستانی سووریا لە ئارادایە بەڵام هێزەکنی سووریای دیموکراتیش بە هەموو تواناوە بەرگری دەکەن.

ناوبراو درێژەی دا: ئەوەی کە گوماناوییە بێدەنگیی ڕووسیا و حکوومەتی ناوەندیی سووریایە هەمبەر هێرشەکان.

نوێنەری ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا لە هەولێر زیاتر وتی: بابەتەکە ڕوون و ئاشکرایە کە لەنێوان ڕووسیا و تورکیا ڕێککەوتن کراوە و پێشتریش ڕووسیا بەستێنەکەی بۆ تورکیا فەراهەم کردبوو.

ئالان سلیفی ئاماژەی دا بە ئامانجی تورکیا لە هێرش کردن بۆ سەر عەین عیسا و وتی: لەسایەی بێدەنگیی ڕووسیا و حکوومەتی ناوەندیی سووریا؛ ئامانجی تورکیا لە هێرش کردنەسەر عەین عیسا دابڕانی ناوچەی جزیرە و کۆبانی لە یەکترە.

ناوبراو جەختی کردەوە: بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر نموونەیێکی سەرکەوتووە لە بەڕێوەبەری و حکوومەت کردن لە سووریا و ئەمەش لەلایەن هەموو ئەو شاندە ئەورووپییانە کە سەردانی کوردستانی سووریا دەکەن پشتڕاست کراوەتەوە.

ئالان سلیفی وتیشی: ئاشکرایە کە ڕێککەوتنی نهێنی لەنێوان ڕووسیا و تورکیا هەیە لەسەر عەین عیسا ئەم بابەتەش دەتوانێت پرسی ئیدلیب و کشانەوەی هێزە تورکەکان بێت لە ژمارەیێک لە بنکە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا.

News Code 788

Your Comment

You are replying to: .
captcha