پێویستە بێ مەرج دانان دانوستانی کوردی بگاتە ئەنجام

بەشی سووریا- ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردی سووریا (الپارتی) لە لێدوانێکدا بە کوردپرێسی وت ئەمریکا تا ئەم کاتەش هیچ بەڵێنێکی بە کورد نەداوە بەڵام بوونی واشەنتن لە دانوستانەکاندا پیشاندەری ئەوەیە کە مەبەستیەتی دانوستانەکان بگاتە ئەنجام.

کوردپرێس:

حوسێن مەستۆ ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردی سووریا (الپارتی) لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس ئاماژەی بە ململانێی نێوان ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد و پارتی یەکێتیی دیموکراتی لە سەر مەسەلەی پێشمەرگەی ڕۆژ کرد و گوتی: ململانێی نێوان دوو لایەنەکە بۆتە هۆی خاوبوونەوەی پڕۆسەی دانوستانی کوردی-کوردی بەڵام من لە و قەناعەتەدا نیم کە لە ئێستادا ئەم دانوستانە پەک بخرێت چوونکە ئەمریکا وەک لایەنی سێهەم لە گفتوگۆکاندا بەشدارە.

ناوبراو گوتیشی: ئەمریکا تاکوو ئەمڕۆ لەبارەی ئایندەی سووریاوە هیچ بەڵێنێکی بە کورد نەداوە بەڵام بوونی ئەمریکا لە دانوستانەکاندا دەیسەلمێنێت کە ئەمریکا نیازیەتی ئەو دیالۆگە بگاتە ئەنجام.

حوسێن مەستۆ زیادیشی کرد: لەم نێوانەدا ئەندامانی پەیەدە ناوبەناو لێدوانی نەشیاو دەدەن کە کارتێکەریی خراپی لە سەر دانوستانەکان دەبێت و لەم دوایییەشدا ئاڵدار خەلیل ئەندامی لیژنەی ناوەندیی ئەو حیزبە لەبارەی پێشمەرگەی ڕۆژەوە بووە هۆی ناکۆکیی زیاتر.

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردی سووریا (الپارتی) ئاشکراشی کرد: ئێمە وەکوو الپارتی لەو بڕوایەداین کە پێویستە ئەم دانوستان بە بێ هیچ مەرجێک بە بۆنەی بەرژەوەندیی کوردەکانی سووریا بگاتە ئەنجام.

ناوبراو زیادیشی کرد: پێویستە دوو لایەنەکە بۆ گەیشتن بە ئەنجام لەباەری هەندێک تەوەری جێناکۆک، تەنازول بنوێنن بۆ ئەوەی دانوستانەکە بگاتە ئەنجام و بتوانێت یەکڕیزیی سیاسی بۆ کارەکانی داتر فەراهەم بکات.

حوسێن مەستۆ زیادیشی کرد: ئەرکە پەیەدە واز لە هەندێک لێدوانی نەشیاو بهێنێت. هێزەکانی ڕۆژ کەسانی کوردی سوورین کە لە شەڕی دژبە داعشدا ژمارەیێکی زۆریان گیانیان بەخت کردووە و پێویستە بۆ پارێزگاری کردن لە کوردستانی سووریا بگەڕێنەوە ناوچەکە.

News Code 808

Your Comment

You are replying to: .
captcha