پەکەکە نایەوێت کوردەکانی سووریا بگەنە ڕێککەوتن

بەشی سووریا- بەرپرسی ڕاگەیاندنی شەپێلا ئازادیی کوردستانی سووریا (ŞAK) دەڵێت: پەکەکە سوودمەند دەبێت لە بێ ئەنجام بوونی دانوستانی نێوان لایەنە کوردییەکانی سووریا چوونکە هەم بەرژەوەندیی ئابووریی بۆی هەیە و هەم ئەندامەکانی خۆشی لەنێو کوردانی سووریا ڕادەکەێشێت.

«عەبدوڵڵا ئیمام» بەرپرسی ڕاگەیاندنی شەپێلا ئازادیی کوردستانی سووریا (ŞAK) لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە ململانێی نێوان ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ENKS) و پارتی یەکێتی دیموکراتیک (PYD) لەسەر گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی ڕۆژ بۆ کوردستانی سووریا و وتی: لەشکری ڕۆژ هێزێکی کوردی سووریان کە لە کوردستانی عێراق مەشق و ڕاهێنانیان دیوە و لەشەڕی داعشیشدا بەشدار بوون و ژمارەیێکی زۆریشیان قارەمانانە گیانیان بەخت کرد.

ناوبراو درێژەی دا تا ئەم کاتەش لەشکری ڕۆژ بەشدارییان لە هیچ شەڕێکی براکوژیدا نەکردووە و ڕابردوویێکی بێگەردیان هەیە و لە دژی بەرژەوەندیی کورد هیچ هەنگاوێکیان هەڵنەگرتووە. لەشکری ڕۆژ لە کچان و کوڕانی کوردی سووریا پێکهاتووە کە ساڵی 2011 لە سووریا و ڕیزەکانی سوپای سووریا کشانەوە و هاتنە کوردستانی عێراق و لەشکری ڕۆژیان پێکهێنا.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی شەپێلا ئازادیی کوردستانی سووریا زیاتر وتی: پرسی ناکۆکی لەسەر لەشکری ڕۆژ لەنێوان دوو ڕەوتەکەدا بە ئەگەری زۆرەوە کاریگەریی لەسەر دانوستانەکان دەبێت بەڵام ئێمە هیوامان وایە ئەم کاریگەرییە دروست نەبێت.

ناوبراو وتی: ئەم بابەتە لە کاتێکەوە ناکۆکییەکانی قووڵتر کردەوە کە «ئاڵدار خەلیل» بەرپرسی شاندی حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانی (PYNK) لە لێدوانێکیدا هێرشی کردە سەر لەشکری ڕۆژ و بە درۆ تۆمەتی بەکرێگیراویی تورکیای خستە پاڵ ئەو هێزە.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی شەپێلا ئازادیی کوردستانی سووریا (ŞAK) وتیشی: ئەم هێرشەی ئاڵدار خەلیل بەشێکە لەو هەڵمەتانەی کە دەیهەوێت ڕێگری بکات لە بە ئەنجام گەیشتنی دانوستانەکان.

عەبدوڵڵا ئیمام وەبیری هێنایەوە: ژمارەیێک لە دەوڵەتانی ناوچەکە نایانەوێت دانوستانی نێوان لایەنە کوردییەکان لەسووریا بە ئەنجام بگات چوونکە کوردانی سووریا بەهێز دەبن و پشتگیریی ئەمریکایش بەدەست دێنن.

سیاسەتوان و مافناسی کوردی سووریا لەبارەی دانوستانی نێوان لایەنەکان و پرسی پەکەکە زیاتر وتی: پەکەکە دژی یەکڕیزیی کوردانی سووریایە چوونکە خاڵێکی ڕێککەوتنی نێوان لایەنەکان دەکردنی پەکەکە لە کوردستانی سووریایە.

ناوبراو وتیشی: لەو بڕگەیەدا نووسراوە کە هێزەکانی پەکەکە دەبێت بۆ ناوچەی خۆیان بگەڕێنەوە و واز لە دەستوەردان لە بابەتە ناوخۆییەکانی کوردستانی سووریا بهێنن.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی شەپێلا ئازادیی کوردستانی سووریا (ŞAK) ڕاشیگەیاند: پەکەە سوود لەو دۆخە دەبینێت چوونکە هەم بەرژەوەندیی ئابووریی بۆی هەیە و هەم ئەندامانی خۆشی دابین دەکات و گەنجانی کوردی سووریا دەڕفێنێت و بۆ قەندیلیان دەبات.

عەبدوڵڵا ئیمام وەبیری هێنایەوە: حکوومەتەکانی ناوچەکە دەیانەوێت پەکەکە وەکوو ئامێرێک بەکار بهێنن لە کوردستانی سووریا تا دانوستانی نێوان لایەنە کوردییەکان بێ ئەنجام بکەن.

ناوبراو ئاشکرای کرد: لە کوردستانی سووریا کەس و گرووپی سەربەپەکەکە زۆرن کە دژی حزبە کوردییەکان دەجووڵن و بارگاکانیان دەسووتێنن تاکوو هیچ دەرەچەیێکی هیوا و بۆ بە ئەنجام گەیشتنی دانووستانەکان نەهێڵنەوە.

سیاسەتوانە کوردەکەی سووریا دەڵێت: ئەم سیاسەتانە درێژەی هەیە و پاش وتە نەشیاوەکانی ئاڵدار خەلیل دوو ڕۆژ پێش ئێستا هێرش کرایە سەر نووسینگەی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە کۆبانی.

ناوبراو وتیشی: ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد پاش وتەکانی ئاڵدار خەلیل بەیاننامەیێکی دەرکرد و وێڕای ڕەت کردنەوەی وتەکانی ڕایگەیاند پێبەندی ڕێککەوتنەکان و درێژەی دانوستانەکانە.

عەبدوڵڵا ئیمام وەبیری هێنایەوە: لە سووریا دیکەی حزبەکانی بەشدار بوو لە ئەنجومەنی یەکێتی نیشتمانیی کورد (PYNK) تا ئەم کاتەش بێدەنگ بوون و دەنگێکان لێهەڵنایەت چوونکە گوێڕایەڵی پەکەکە-ن. پەکەکە دزەی کردۆتە ناو ڕیزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و HSD و PYD و مۆڵەتی هەناسەدانی لە کوردانی سووریا گرتووە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 811

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha