ئومێدەوارم کە پەیوندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەهێزتر بکەین

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆک کۆماری عێراق بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک 46ەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پیرۆزبایی لە جۆ بایدن کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دەقی پەیامێکی پیرۆزبایی بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراقی بڵاو کردەوە کە ئاڕاستەی جۆ بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای کردووە.

لەبەشێکی پەیامەکەدا هاتووە، "گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایتان لێدەکەم بەبۆنەی دەستبەکاربوونتان وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هیوای سەرکەوتن بۆ بەرێزت و بەرێز ھاریس جێگری سەرۆک دەخوازم بۆ ئەرک و هەوڵەکانی داهاتووتان و ھێنانەدی خواستەکانی گەلی ئەمریکا".

ئەوەش هاتووە، لەو روانگەیەوە بەگرنگییەوە دەڕوانینە بونیادنانی پەیوەندییێکی پتەوتر لە نێوان عێراق و ئەمریکا و فراوان کردنی هاریکاریی ستراتیژی کە ھەردوو وڵات بەیەکەوە گرێ دەدات، ھاوکات وەک دەزانن بەیەکەوە ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری دەبینەوە، بەتایبەتی تیرۆر و توندرەوەی، بۆیە لە بەرژەوەندیی هاوبەشمانە بەیەکەوە ڕووبەڕوویان ببێنەوە، ھەروەک دەرفەتی کارکردن لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نزیکەوە دەقۆزینەوە لەپێناو کەم کردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە و بەهێزکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست.

بەرهەم ساڵح لەکۆتایی پەیامەکەدا ئەوەشی خستوەتەڕوو، "ئومێدەوارم کە پەیوندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەهێزتر بکەین لە مانگ و ساڵەکانی داهاتوو، ھەروەھا دانانی نەخشە رێگایێک بە ئاڕاستەی ھێنانەکایەوەی عێراق و رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی ئارام و خۆشگوزەران تر و هەنگاونان بەرەو بنەمای رێزگرتنی هاوبەش و ھێنانەدی بەهاکانی ئازادی و دیموکراسی".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 815

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha