لە ئەمساڵدا یەکەمایەتیی ئێمە بە فەرمی ناساندنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە

بەشی سووریا- ئەندامێکی نوێنەرایەتی بەڕێوەبەریی خۆسەر لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: لە ساڵی نوێی زایینیدا هەوڵ دەدەین تاکوو بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری کوردستانی سووریا لەلایەن وڵاتانی دیکەوە بەفەرمی بناسێندرێت.

«فەتحوڵڵا حوسێنی» ئەندامێکی نوێنەرایەتی بەڕێوەبەریی خۆسەر لە هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە حەفتەمین ساڵۆگەڕی دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە کوردستانی سووریا و ڕایگەیاند: ئەم ڕۆژە بۆ کوردەکانی سووریا ڕۆژێکی پیرۆز و زۆر گرینگە و نەک هەر تەنها کوردەکان بەڵکوو دیکەی قەومەکانی ناوچەکە خۆشحاڵن بەم بۆنەوە.

ناوبراو درێژەی دا: لە ئێستادا دوو قۆناخمان لە پێشە هەکەم گفتوگۆی کوردی-کوردی بۆ گەیشتن بە یەکڕیزیی نەتەوەیی و سیاسی لە نێوان کوردانی سووریا و دووهەم دانوستانی سووری-سووری بۆ دەربازبوون لە قەیرانی سووریا.

ناوبراو وتیشی: لە ساڵی نوێی زایینیدا هەوڵ دەدەین تاکوو بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری کوردستانی سووریا لەلایەن وڵاتانی دیکەوە بەفەرمی بناسێندرێت.

ئەندامی نوێنەرایەتی بەڕێوەبەریی خۆسەری کوردستانی سووریا لە هەرێمی کوردستان پێشتر لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە هەوڵەکانی ئەو ناوچەیە بۆ بەفەرمی ناساندنیان لەلایەن ناوەندە نێونەتەوەییەکانەوە و وتی: بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە هەوڵی ئەوەی داوە کە لەلایەن وڵاتانی دراوسێ و ناوەندە نێونەتەوەییەکانەوە بەفەرمی بناسێندرێت.

ناوبراو درێژەی دا: ئێمە یازدە نوێنەرایەتیمان لە وڵاتانی عەرەبی و ئەورووپیدا هەیە و هەوڵ دەدەین کە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دیکەیش دروست بکەین.

حوسێنی زیاتر وتی: بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پڕۆژەیێکی ڕەوایە کە هەر لە یەکەم ڕۆژەوە هەوڵیداوە کە دەموچاوێکی باش لە ناوچەکەدا لە خۆی نیشان بدات.

ئەندامەکەی نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەریی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە: بەڕێوەبەریی خۆسەر توانیویە ئاشتی بخاتە نێو هەموو ئەتنیکەکانی ناوچەکە و ئارامیی لەنێوانیاندا جێگیر بکات.

ناوبراو وەبیری هێنایەوە: ئێمە چەندین جار بەشێوەی نافەرمی لەگەڵ حکوومەتی سووریا گفتوگۆمان کردووە تا کوو دان بەم پڕۆژەیەدا بنێت و لە بارودۆخێکدا کە سووریا هەلومەرجێکی دژوار تێدەپەڕێنێت و تووشی ململانێ ئاینی و ئەتنیکییەکان بووەتەوە؛ ئەم پڕۆژیە دەتوانێت ڕێگاچارە بێت بۆ خەڵک.

فەتحوڵڵا حوسێنی زیادی کرد: بەڕێوەبەریی خۆسەر بەتەمای جودابوونەوە لە سووریا نییە و دەیهەوێت لەلایەن سووریا و وڵاتانی دیکەوە بەفەرمی بناسێندرێت.

ناوبراو ڕاشیگەیاند: ئێمە گەشبینین کە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان هەوڵ بدەین و هیوادارین دەسەڵاتی نوێی ئەمریکا بۆ بە فەرمی ناساندنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر یارمەتیدەرمان بێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 818

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha