هەدیە یۆسف: کوردستانی سووریا قەرزداری پەکەکە و ئۆجەلانە/ پەکەکە لە سووریا دژی داعش و تورکیا دەجەنگێت

بەشی سووریا- ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێکاری پەیەدە لە لێدوانێکدا دەڵێت شوێندانەریی هێزەکانی پەککە و دنیابینیی ئۆجەلان لە سەر خەبات و دەستکەوتی کوردەکانی سووریا بابەتێکی حاشاهەڵنەگرە.

کوردپرێس:

هەدیە یۆسف ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێکاری پارتی یەکێتیی دیموکراتی (PYD) لە لێدوانێکدا بۆ هاوارنیوز باسی شوێندانەریی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکات و دەڵێت لە دەستەبەربوونی دەستکەوتەکان و پارێزگاری لە دەستکەوتی کوردی سووریا قورساییی پەکەکە داپەڕێکی ئەساسییە و ئەو ڕاستییە حاشای لێناکرێت.

هەدیە یۆسف بە هاوارنیوزی وتووە: پەکەکە گەورەترین ئیلهامبەخشی جووڵانەوەی کوردی سووریایە و پارێزگاریکەر دەستەکەوتەکانیانە لە بەرامبەر هەموو هێرشێک. پەکەکە سەرچاوەی ئیلهام و دەسەڵاتی ئێمەیە و ناتوانین نکۆڵی لەوە بکەین. ئەوەی لە ڕۆژئاوا دەستەبەر بووە و بۆ کورد وعەرەب و سریانییەکان پارێزگاریی لێکراوە قەرزداری پەکەکەیە.

ناوبراو لەبارەی ڕۆڵی ئەساسیی دنیابینیی عەبدوڵا ئوجەلان سەرۆکی بەندکراوی پەکەکە لە ئایدیۆلۆجیای کوردەکانی سووریا دەڵێت: هاووڵاتییانی کوردی سووریا لە سەر بازنەی دنیابینیی ئۆجەلان خەباتیان کردووە و ئەوەش نکۆڵیی لێناکرێت. سیستەمی سەرمایەداری بەمە دەزانێت. ئەمریکا و ڕووسیا و ئەورووپاش ئەوە دەزانن.

ئەندامەکەی ئەنجومەنی جێبەجێکاری پەیەدە زیادی کرد: ڕاستییەکانی کوردستانی سووریا و سیستەمی گەلی دیموکراتیکی لە سەر دنیابینی و فەلسەفەی ئۆجەلان وەستاوە و ئەوانەی دژی تیرۆریستانی بەرەی نوسرە و داعش و ڕژێمی داگیرکەری تورکیا خەبات دەکەن هێزەکانی پەکەکەن.

ئەو لێدوانەش لە کاتێکدایە کە کوردەکانی سووریا بەردەوام پێداگری لە سەر ئەوە دەکەن کە هیچ پێوەندییێکی سیستەماتیکییان لەگەڵ پەکەکە نیە و حکوومەتی تورکیا بە بیانووی پێوەندییان لەگەڵ پەکەکە هێرش دەکاتە سەر کوردستانی سووریا و لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە گوشار دەخاتە سەر هێزە کوردییەکان.

News Code 831

Your Comment

You are replying to: .
captcha