هەڕەشەى ئەردۆغان مەترسیی لەسەرە شنگال دروست کردووە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، شەنگال مەترسی لەسەرە و کێشەکەش کێشەی ئەنقەرە و بەغدایە لەلایێک و لەلایێکی دیکەش کێشەی پەکەکە و تورکیایە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەحما خەلیل، بەرپرسێکی پارتی دیموکرات و قائیمقامی پێشووی شنگال لە لێدوانێکدا بۆ ناس کوردی-ی ڕایگەیاندووە: "مەترسی جدی لەسەر شنگال و خەڵکی ئەو قەزایە هەیە و کێشەکەش بەهۆی بوونی پەکەکەیە لە ناوچەکە و ئەوەش کە سەرۆک کۆماری تورکیا وتوویەتی بەهۆی بوونی کێشەیە لە نێوان حکوومەتی عێراق و تورکیا لەلایێک و پەکەکە و تورکیا لەلایێکی دیکە.

ناوبراو دەشڵێت، "ئەگەر پەکەکە پارێزەری وڵاتن با بچن کوردستانی تورکیا و سەرێ کانی و حەسەکە و قامیشلۆ بپارێزن، حکوومەتی عێراقیش هەوڵ بدات ئەو هێزانەی لە دەرەوە هاتوون بیانکاتە دەرەوەی شنگال و ئەوەشمان بە فەرمی پێ وتوون بەڵام تا ئیستا جێبەجێ نەکراوە".

سەبارەت بەوەی ئایا مەترسی هاتنی سوپای تورکیا بۆ شنگال جدییە؟ ئایا حکوومەتی عێراق دەتوانێت ئەو قەزایە بپارێزێت؟ مەحما خەلیل دەڵێت: "وەڵامەکەی لای حکوومەتی عێراقە، بەڵام ئەگەر بیانەوێت شنگال بپارێزن لە هەر هێرشێک پێویستە ناوچەیێکی ئارام لە شنگال دروست بکرێت و هێزەکانی دەرەوەی شنگال لە قەزاکە نەمێنن".

شایانی وتنە ڕۆژی هەینی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا هەڕەشەکانی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە شاری شەنگال دژی پەکەکە جارێکیتر راگەیاند.

ئەمە یەکەمجار نییە ئەردۆغان هەڕەشەى لەو شێوەیە دەکات، بۆ هێرشکردنە سەر شنگال، پێشتر چەندینجار هەڕەشەى لەو شێوەیەى کردووە.

هەڕەشەکەى ئەمجارە دواى چەند رۆژێک دێت لەسەردانى وەزیرى بەرگرىی تورکیا بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان.

هەروەها راوێژکارى راگەیاندنى مەسعوود بارزانى رایگەیاندووە تورکيا بەنیازە بنکەى سەربازى لە قەزاى شەنگالى سەربە پارێزگاى نەينەوا دابمەزرێنێت.

کيفاح مەحموود لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسى "سپۆتنيک"ى ڕوسى باس لەوە دەکات، وەزيرى بەرگرىی تورکيا لەکاتى سەردانەکەيدا بۆ عێراق لە وتەيێکدا جەختي لەوە کردەوە کە هاريکارى لەنێوان هەرێمى کوردستان و تورکيا بوونى هەيە.

ڕوونيشي کردوەتەوە، هاريکارى نێوان بەغدا و هەرێمى کوردستان لە دۆسیەى پارتى کرێکارانى کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەردولا جدين تايبەت بە ڕێکەوتنى شنگال، هەردوولا هەوڵى ئەوە دەدەن پەکەکە ڕازى بکەن پرۆسەى سەربازى لەناو خاکى عێراقەوە دژى تورکيا ئەنجام نەدەن و ئەو ناوچانە تێيدان چۆڵى بکەن.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 843

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha