پێویستە چارەسەری کێشەکانی هەولێر و بەغدا لەڕێی دیالۆگ و ئاشتیانە و لە چوارچێوەی دەستووردا بێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەدیدار لەگەڵ نوێنەر و کونسوڵەکانی وڵاتانی عەرەبی لە هەولێر جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە چارەسەری کێشەکانی هەولێر و بەغدا لەڕێی دیالۆگ و ئاشتیانە و لە چوارچێوەی دەستووردا بێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ماڵپەڕی فەرمیی پارتی بڵاوی کردەوە مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی هاوبەشی نوێنەر و کونسوڵەکانی وڵاتانی عەرەبی لە هەولێر کرد کە پێکهاتبوون لە باڵیۆز نەزمی حزووری کونسوڵی گشتی فەڵەستین و عەمیدی سلکی دیپلۆماسی لە هەرێم و د. عومەر ئەلکندری کونسوڵی گشتیی کوەیت و ئەحمەد ئەلزاهری کونسوڵی گشتیی ئیمارات و محەمەد وەجیه حیجازی کونسوڵی گشتیی مسر و عەوبدولرەحیم حەسەن هەڵسووڕێنەری کاروباری کونسوڵخانەی پاشایەتیی ئۆردۆن لە هەولێر.

لە دیدارەکەدا نوێنەر و کونسوڵەکانی وڵاتانی عەرەبی لە هەولێر سڵاو و ڕێزی سەرۆک و ئەمیر و پاشای وڵاتەکانیان بە مەسعوود بارزانی گەیاند و سوپاسی بارزانی و هەرێمی کوردستانیان کرد بۆ ئەو پەیوەندییە دێرین و دۆستانەیەی کە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا هەیانە و هەروەها سوپاسگوزاری هەرێمی کوردستان بوون کە لە شەڕی داعشدا میوانداریی سەدان هەزار ئاوارەی عەرەبیان کرد و پێزانینی زۆریشیان هەبوو بۆ ئەو ڕۆڵەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شکست دانی تیرۆریستانی داعش هەیانبووە.

هەورەها وێڕای جەخت کردنەوە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، خوازیاری ئەوەش بوون کە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەڕێگەی دیالۆگ چارەسەر بکرێت.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا بارزانی سوپاسی شاندی میوانی کرد و ڕایگەیاند گەلی کوردستان هەمیشە هەوڵی ئەوەی داوە کە پەیوەندیی دۆستانەی لەگەڵ گەلانی ناوچەکە هەبێت و شوێنکەوتووی بنەماکانی ئاشتی و پێکەوەژیان بووە.

پەیوەست بە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەی خستەڕوو کە پێویستە چارەسەرەکان لەڕێی دیالۆگ و ئاشتیانە و لە چوارچێوەی دەستوور و ڕێزگرتن لە پێگە و قەوارەی هەرێمی کوردستان بێت و جەختیشی لە بەرەوپێش بردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و وڵاتانی عەرەبی کردەوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 853

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha