هاوپەیمانان و ئەمریکا نیگەرانی بوونی هێزی حزبین لە هەرێمی کوردستان

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوەدەکات لیژنەیێکی هاوبەش لەنێوان وڵاتانی هاوپەیمان لەگەڵ ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە پێکهێنراوە، بۆ کارکردن لەسەر مەسەلەی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، فەریق جەبار یاوەر دەڵێت "یاسای چاکسازی ژمارە 2ی ساڵی 2020 کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەرکراوە، یەکێک لە مادەکانی پەیوەستە بەیەکخستنی هەموو هێزی پێشمەرگە و هەموو بوارەکانی پەیوەندیدار بە یەکخستنی پێشمەرگە، وەکوو دۆسیە، خانەنیشینی، کەم ئەندام و یەکەی ژمێریاری، ئێمە پابەندین بەو یاسایە و لیژنەمان بۆ پێکهێناوە، خەریکی دانانی میکانیزمین بۆ جێبەجێ کردنی".

بەهاندانی هێزەکانی هاوپەیمانان، تا ئێستا 14 ی لیوای وەزارەتی پێشمەرگە یەکخراونەتەوە، لە بارەی هۆکاری گرنگیدانی هاوپەیمانان و فشارکردنیان بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگە، جەبار یاوەر ڕوونیکردەوە لەهەموو وڵاتاندا، هێز دەبێت بەدەست حکوومەتەوە بێت، بۆیە هێزەکانی پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش، دەبێت لەچوارچێوەی وەزارەتەکانی حکوومەتی هەرێمدا بن، هێز دەبێت هی خەڵک بێت، نابێت هێزی حیزبی بمێنێت، ئەمە مەبەستی هاوپەیمانانە.

دەنگۆی بڕینی ئەو 20 ملیۆن دۆلارە بۆ ماوەی چەند مانگێک لە ئارادایە، کە پێشتر ئەمەریکا بۆ مووچەی هێزە یەکخراوەکانی پێشمەرگە، مانگە خەرجی دەکرد، ئەمەش وەکوو ناڕەزایەتیێک لە بەرامبەر لێبڕینی مووچەی ئەو هێزانە لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە، بەڵام ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، دەڵێت "پەیوەست نیە بە لێبڕینەوە، بەردەوام ئەو پارەیە هاتووە و دراوە بە پێشمەرگە".

بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، دوای نیگەران بوونی هاوپەیمانان لە لێبڕینی مووچەی هێزە یەکخراوەکانی پێشمەرگە، کە ئەوان مانگانە بوودجەکەی دابین دەکەن، بڕیار دراوە میکانیزمی دابەش کردنی مووچەی ئەو هێزانە بگۆڕدرێت.

لەو بارەیەوە جەبار یاوەر وتی"لە چوارچێوەی یاسای چاکسازیدا، ئەوە هاتووە، کە مووچەی مانگانە نابێت بەدەستی بدرێت، بەڵکوو لە رێگەی بانکەوە بێت، وەزارەتی پێشمەرگە ئەم پلانەی داناوە، وردە وردە مووچەی لیواکانی پێشمەرگە دەبێتە سستمی بانکی، ئەمە تەنها داواکاری هاوپەیمانان نەبووە، بەڵکوو بەرنامەی سەرەکی حکوومەتیش بووە، بۆ بە ئەلیکترۆنی کردنی هەموو کاروبارەکان، لەوانە کاروباری وەزارەتی پێشمەرگەش".

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، لەبارەی ئەگەری تواندنەوەی هێزەکانی 80ی پارتی و 70ی یەکێتی لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکخستنیان، وتی "لە یاسای چاکسازیدا کە بۆ ئێمە نێردراوە، پێنج بابەتی پەیوەندیداری بە یەکخستنی هەموو هێزەکانی پێشمەرگە و کاروبارەکانیان تێدایە، جگە لەوەش، هاوپەیمانان و ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگەش، پرۆژەیان هەیە و ئیش لەسەر چاکسازی دەکەن".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 860

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha